نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان مشتومڕ دەخاتە نێوان نەوەی نوێ و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە

02-10-2022 03:21
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ - وەزیری ئاوەدانکردنەوە

پەرەگراف

نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان مشتومڕی نێوان جوڵانەوەی نەوەی نوێ و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی لێدەکەوێتەوەو دوای ئەوەی سەرۆکی جوڵانەوەکە سەردانی تونێلەکەی کردو ڕایگەیاند کە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو دەست بە نۆژەنکردنەوەی دەکەن، لە وەڵامدا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، ئەمڕۆ پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەکەیان دەستپێکردووەو نەوەی نوێ تۆمەتبار دەکات بەوەی "بەڵێنەکەی نەبردووەتەسەر" لەبارەی نۆژەنکردنەوەکەوە.

لە نوێترین وەڵامداو دوای ڕوونکردنەوەکەی ئەمڕۆی وەزارەت، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە وەڵامدا دەڵێت "ئەمڕۆ وەزارەت و حکومەت وتویانە ئەوە ئێمە بۆ عەقڵمان بەو رێگایە نەشکاوە کە شاسوار باسی کردوە؟ پێشتر وتبویان دەبێت تونێلەکە تێک بدرێت و دانەیەکی تازە دروست کەنەوە !لەوەش بەقوەت تر، ئێستا دەڵێن تەعمیرەکەش ٣ ملیۆن و ١٦٠ هەزار دۆلاری تێ دەچێت، ئێمە بە ١٦٠ هەزارەکە دەیکەن وەعد بێت، پارەشم ناوێت، با ئەو سێ ملیۆنە با لە دەربەندیخان و گەرمیان سەرف بکەن. جا بزانن ئاوها وڵات بەرێوە دەبەن ئەم نەزانانە!".

نەوەی نوێ لەڕێگەی فراکسیۆنەکەیەوە لە پەرلەمانی کوردستان لە ٢٢-٩-٢٠٢٢دا داوای لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کردووە ڕازامەندییان پێ بدرێت بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی تونێلەکە، ئەوەش دوای ئەوەی دوو ڕۆژ پێشتر سەرۆکی جوڵانەوەکە ڕایگەیاند ئامادەن لەسەر ئەرکی خۆیان تونێلەکە نۆژەن بکەنەوە.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە هەمان ڕۆژ وەڵامی داوەتەوەو ڕەزامەندە بەوەی نەوەی نوێ تونێلەکە نۆژەن بکاتەوە، داوایکردووە بە دەرخستەی وەزارەت پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەکە ئەنجام بدرێت، لە وەڵامی ئەو داوایەی وەزارەتدا فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ٢٥-٩-٢٠٢٢دا بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، بە دەرخستەی خۆیان نۆژەنی دەکەنەوەو بارگرانییان ناوێت، تەنها ڕێگایان پێبدرێت و ڕێگای بەدیل بۆ هاتووچۆ تەرخان بکرێت.

دوابەدوای ئەو نووسراوانەو کێشمەکێشی نێوان ئەو لایەنەی ئۆپۆزسیۆن و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەت، دوێنێ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ تیمی ئەندازیاریی جوڵانەوەکە سەردانی تونێلی دەربەندیخانی کردو ڕایگەیاند "چوار شەممە بە باشترین مەواد دەست دەکەین بە نۆژەنکردنەوەی تونێلەکەو داوا لە حکومەت دەکەین ڕێگای بەدیل بۆ هاتووچۆی خەڵک دابین بکات".

سەرۆکی جوڵانەوەکە ئەوەشی خستەڕوو، نۆژەنکردنەوەکە پارەیەکی کەمی تێدەچێت و پێویست بووە ساڵانە نۆژەن بکرێتەوە، بەڵام ٣١ ساڵە نۆژەن نەکراوەتەوە.

ڕۆژێک دوای ئەو سەردانەی نەوەی نوێ بۆ تونێلەکە، ئەمڕۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ڕایگەیاند، تیمەکانی سەر بە وەزارەتەکە لە کارکردن لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان دەستبەکاربون.

"ئەنجامدانی پڕۆژەکە دوای ئەوە دێت، پێشتر لەسەر داوای دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وەزارەتی دارایی لە 22/6/2022 رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی بڕی (187.828.000) سەدو هەشتاو حەوت ملیۆن و هەشتسەدو بیست و هەشت هەزار دینار دەربڕی، بۆ پڕۆژەی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان".

وەزارەتەکە دەشڵێت "هاوکات ئەوە بۆ هاوڵاتیان روندەکەینەوە، دوای ئەوەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان نوسراویان ئاراستەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کرد بۆ کارکردن لە نۆژەنکردنەوەی تونێلەکە، وەک وەزارەت وەڵامیان درایەوە کە ئەگەر جدین و بەڕاستیانە با بێن کارەکە بکەن و ماوەی هەفتەیەک مۆڵەتیان پێدرا، بەڵام راستگۆ نەبون و نەهاتنە پێشەوەو کارەکەیان نەکردو لەسەر بەڵێنی خۆیان نەبون، تەنها نمایش و بانگەشەیەکی راگەیاندنیان بەڕێوەبرد بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک".

دواجار لە نێوان کێشمەکێشی نەوەی نوێ و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەدا، دەستکرا بە نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان کە داواکارییەکی سەرەکی خەڵکی ناوچەکەو شۆفێرانە لەپاڵ داواو فشارە بەردەوامەکانیان بۆ تەواوکردی دووساید کردنی ڕێگای هاتووچۆی گەرمیان – سلێمانی.