خۆپیشاندانەكانی ئێران لە شازدەیەمین ڕۆژیدا بەردەوامە؛ 133 خۆپیشاندەر و شەش سەرباز كوژراون

02-10-2022 04:48

پەرەگراف

بەپێی ئاماری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ژمارەی كوژراوانی خۆپیشاندانەكانی ئەو وڵاتە بۆ ١٣٣ كەس بەرز بووەتەوە كە زیاتر لە ٢٠ كەسیان كوردی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانن، تەنیا ڕۆژی هەینی ٤١ كەس لە شاری زاهیدان كوژراون. سوپای پاسدارانیش كوژرانی پێنج سەرباز و بەسیجی لە ڕووداوەكانی زاهیدان ڕاگەیاندووە.

ئێوارەی ئەمڕۆیش ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند "یەکێک لە ئەندامانی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت کە شەوی ڕابردوو لە کاتی تێکهەڵچوونی لەگەڵ لەگەڵ خەڵکی ناڕازیی مەریوان بریندار بوو و بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی سنە گوازرابووەوە، مرد".

خۆپیشاندانەكانی ئێران ئەمڕۆ لە شازدەیەمین ڕۆژیدا بەردەوامە. بەپێی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە زۆرینەی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان مانگرتن بەردەوام بووە و زۆرینەی بازاڕ و دووكانەكان نەكرانەوە.

لە چەندین شاریش خوێندكارانی زانكۆ گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا، لەوانە زانكۆی ڕازی لە كرماشان و زانكۆی پزیشكیی سنە، هەروەها زانكۆكانی شیراز، مەشهەد، تاران و كاشان.

‏ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت "شەوی ڕابردوو هێزەكانی سوپای پاسداران بە پۆشینی جلی پێشمەرگە، لە شاری بانە دەستیان كردووە بە ڕەشبگیری و لێدان و ئازاردانی خەڵك".
هەروەها تەرمی موختار ئەحمەدی كە لە خۆپیشانجانەكانی دوێنیی شاری مەریواندا كوژرا، كاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە بە بەشداریی ٢٠ كەس و لە كەشێكی ئەمنیدا لە گۆڕستانی دارسێرانی مەریوان بە خاك سپێردراوە.

تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان دەڵێت "بەلای كەمەوە ٢٠ كەس لە خۆپیشاندانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كوژراون و ٤٩٠ كەسیش بریندار بوون". بەڵام بەپێی ئامارێك كە پەرەگراف لە ڕێكخراوە جیاوازەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كۆی كردووەتەوە، بەلای كەمەوە ناسنامەی ٢١ كەس یەكلا بووەتەوە كە لە ناڕەزایەتییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا كوژراون.

ئاماری كوژراو و بریندارانی خۆپیشاندانەكانی ڕۆژی هەینیی شاری زاهیدانیش هێشتا یەكلا نەبووەتەوە، پارێزگاری سیستان و بلوچستان دەڵێت "١٩ كەس كوژراون و ٢٠ كەس بریندار بوون"، بەڵام كەمپینی چالاكانی بلوچ ناسنامەی ٤١ كوژراوی ڕووداوەكەی بڵاو كردووەتەوە.

لە نوێترین كاردانەوەشدا، مەولەوی عەبدولحەمید، ئیمانی هەینیی سوننەمەزهەبی شاری زاهیدان دەڵێت "ڕۆژی هەینی زیاتر لە ٤٠ نوێژخوێنی شەهید و زیاتر لە ١٠٠ كەسیش بریندار بوون".

ئیمامی هەینیی زاهیدان ڕووداوەكەی بە "زوڵمێكی كەموێنە" لە خەڵكی زاهیدان وەسف كردووە و دەڵێت "كەسانی چەكدار بە جلوبەرگی مەدەنییەوە لە پشتی ماڵی خەڵكەوە جێگیر بوون و تەقەیان لەو نوێژخوێنانە كردووە كە بۆ ماڵەوە گەڕاونەتەوە".

لای خۆیشیەوە سوپای پاسدارانی ئێران بانگەشەی ئەوە دەكات كە خۆپیشاندەرانی زاهیدان چەكیان پێ‌ بووە و لە ڕۆژانی هەینی و شەممەدا پێنج ئەندامی سەر بە هێزەكەی لە سەرباز و بەسج كوژراون و ٣٢ی دیکە بریندار بوون.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران "بە توندترین شێوە كوشتنی خۆپیشاندەران لە شارە جیاوازەكانی ئێران ئیدانە دەكات". مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێكخراوەكە، دەڵێت "كوشتنی خۆپیشاندەران بە تایبەت ئەو كوشتارەی كە لە زاهیدان ڕووی دا، تاوانی دژی مرۆڤایەتییە، لەسەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە بەدواداچوون بۆ ئەو تاوانە بكات و ڕێگر بێت لە ڕوودانی تاوانی نوێ‌ لەسەر دەستی كۆماری ئیسلامی".