عەلی خامنەیی هێرش دەکاتەسەر خۆپیشاندەران و دەڵێت: مردنی ژینا ئەمینی دڵی ئازاردام

03-10-2022 01:45
دەرکەوتنی ئەمڕۆی خامنەیی لە ڕێوڕەسمێکی سەربازیی لە تاران.

پەرەگراف

عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە یەکەم دەرکەوتنی دوای خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە باسی گیان لەدەستدانی ژینای ئەمینی کردو وتی، ئەو ڕووداوە دڵی ئازار داوەو دەزگا پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەی تێدا دەکەن.

دەرکەوتنەکەی خامنەیی هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی خۆپیشاندانەکانی ئێران کە دوای مەرگی ژینا سەریان هەڵداو لە ڕۆژی ١٧هەمینیدایە، خامەنیی خۆپیشاندانەکانی بە "دەستی دەرەکی" و "ئاژاوەگێڕیی" ناوبرد.

خامنەیی بەیانی ئەمڕۆ لە رێوڕەسمی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆکانی ئەفسەریی ئێران، لەبارەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانەوە وتی "دروستبوونی ئەو ئاژاوە و نائەمنییانەی رۆژانی رابردوو، پلانی دوژمنانی کۆماری ئیسلامی بووە و چەند دەستێک لەودیو پەردەوە ئەو پلانەیان داڕشتووە".

لەبارەی مردنی ژینا ئەمینیی، خامنەیی وتی "کچێکی گەنج گیانی لەدەستدا و دڵی منی ئازاردا، بەڵام ئەوە نابێتەهۆی ئەوەی پێش لێکۆڵینەوە خەڵک بڕژێنەسەر شەقام و ئاگر لە قورئان بەربدەن و مزگەوت و بانکەکان بسووتێنن و لەچکی سەریان فڕێدەن و ناڕەزایەتی دەرببڕن".

ڕێبەری باڵای ئێران، پەنجەی تۆمەتی بۆ ئەمەریکاو سعودیە ڕاکێشا کە لە پشت خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی وڵاتەکەیەوە بن، ئاماژەی بەوەش کرد، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بەڵێنی داوە لێکۆڵینەوەی تەواو لەبارەی مەرگی ژینا ئەمینی بکات تاوەكو دەستنیشان بكرێت كەمتەرخەمیی هەبووە یان نا، ئەوەی كەمتەرخەم  بووە كێیە؟.

وتەکانی خامنەیی لە کاتێکدایە خوێندکارانی زانکۆکانی تاران و ئەسفەهان ئەمرۆ بەردەوام بوون لە دەربڕینی ناڕەزایی و ئیدانەی هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیان کرد بۆسەر خوێندکارانی ناڕازیی زانکۆی شەریف لە تاران کە شەوی ڕابردوو هێرشێکی خوێناوییان کرایەسەر.