بۆجاری دووەم تەقە لە کامێرای چاودێریی تیژڕەوی کرا لە ڕێگای سلێمانی-دوکان

03-10-2022 02:46

پەرەگراف

نیوەڕۆی ئەمڕۆ جارێکی دیکە تەقە لە کامێرای چاودێریی تیژڕەوی کرا لە ڕێگای سلێمانی-دوکان، فیشەک بەر کامێراکان کەوتووە.

سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی دانانی کامێراکان بە پەرەگرافی وت "فیشەک بەر کامێرای هەردوو سایدەکە کەوتووە لە نزیک ناحیەی پیرەمەگروون".

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، دیارنییە کێ تەقەی لە کامێراکان کردووەو سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەن.

ڕۆژی ٢٢-٨-٢٠٢٢ بۆ یەکەمجار لەسەر هەمان ڕێگا تەقە لەو كامێرایانەی تۆماركردنی تیژڕەویی ئۆتۆمبێل كرا كە ماوەی هەفتەیەك بوو بۆ تاقیكردنەوە دانرابوون.

دانانی ئەو كامێرای چاودێری تیژڕەوییانە بە سیستمی خاڵ بۆ خاڵە -پۆینت تو پۆینت-، ئەو سیستمە ناڕەزایی فراوانی خەڵکی لێکەوتووەتەوەو هەریەكە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و داواكاری گشتی دژی وەستاونەتەوەو بە فەرمی داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كۆمپانیاكە دەكەن.

کۆمپانیاکە گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ هەیەو بەردەوامە لەسەر کارەکانی و نووسراوی بۆ وەزارەتی ناوخۆ کردووە تا پڕۆەکە وەرگرتنی سەرەتایی بۆ بکرێت و بکەوێتەکار.

بەپێی گرێبەستەکە ٢٢٠ کامێرا لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین بە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ دادەنرێن.

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٣-٨-٢٠٢٢دا دانانی كامێراكانی چاودێری تیژڕەویی بە سیستمی پۆینت تو پۆینت تاوتوێ كردو بە كۆی دەنگ ڕەتی كردەوە و پێشنیاری بۆ پەرلەمانی كوردستان كرد گرێبەستی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەكە هەڵبوەشێنێتەوە.

ئازاد حەمەئەمین، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، دوای کۆوبونەوەکە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا سێ‌ بڕیارمان دا. یەكەم: بە كۆی دەنگی ئەندامانی ئامادەبوو ڕەتمان كردەوە ئەم پرۆژە لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕێن جێبەجێ‌ بكرێت".

"بڕیارێكی دیكەمان ئەوە بوو كە داوا لە داواكاری گشتی بكەین جارێكی دیكە كار بكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە و پێشنیازیشمان بۆ پەرلەمانی كوردستان ئەوەیە كە ڕێكاری یاسایی بگرێتە بەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی"، ئازاد حەمەئەمین وای وت.

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی "پێشنیاز كرا بۆ تۆماركردنی سكاڵا لەسەر وەزیری ناوخۆی هەرێم، پێشنیازەكە دەنگی هێنا، دوای ئەوەی ڕا و سەرنجی پسپۆڕانی یاسایی وەردەگرین، سكاڵاكە تۆمار دەكەین".

سەرۆكی ئەنجوومەن ئاماژەی بەوەش كرد كە "لایەنی جێبەجێكاری بڕیارەكە پارێزگارە و ئەگەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دژی بڕیارەكان بوەستنەوە، ناچار دەبین ڕێكاری یاسایی بەرانبەر ئەوانیش بگرینە بەر".

شوێنی كامێراكان بریتین لە (ناوشاری سلێمانی لە شەقامی 60 مەتری و 100 مەتری، ڕێگاكانی نێوان سلێمانی - ڕاپەڕین، سلێمانی - چەمچەماڵ، سلێمانی - گەرمیان و سلێمانی - هەڵەبجە).

بەپێی گرێبەستەكە، تا ئەو كاتەی كۆی تێچووی پرۆژەكە دەدرێتەوە بە كۆمپانیانی جێبەجێكار، لەسەدا 70ی داهات بۆ كۆمپانیا و لەسەدا 30 بۆ حكومەت دەبێت، دواتر لەسەدا 80ی داهات بۆ حكومەت و لەسەدا 20 بۆ کۆمپانیا دەبێت تا 15 ساڵ، پاش ئەوە كۆی پرۆژەكە دەبێت بە هی حكوومەت.

داواكاری گشتیی سلێمانی لە ١٨-٨-٢٠٢٢ نووسراوێكی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی لێكۆڵینەوەی دەستپاكی كردووە و داوای گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی بەرانبەر دانانی كامێراكانی تیژڕەوی کردووە و دەڵێت "گرێبەستی دانانی كامێرای چاودێریی تیژڕەوی پێچەوانەی یاسایە و زیان بە بودجەی گشتی دەگەیەنێت".

داواكاری گشتیی سلێمانی دەشڵێت، سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی لە 19-1-2022 داوای لە وەزارەتی ناوخۆ كردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە، بەڵام تا ئێستا هیچ كارێكی پێویست لەو ڕووەوە ئەنجام نەدراوە.