لە شوێنی گیانلەدەستدانی پێنج پێشمەرگەکە لەسەر ڕێگای گەرمیان-سلێمانی چالاکییەکی ناڕەزایی بەڕێوەچوو

03-10-2022 05:51
چالاکوانان لە چالاکییەکەی ئەمڕۆیاندا بەم پۆستەرە لە شوێنی گیانلەدەستدانی پێنج پێشمەرگەکە ناڕەزاییان بەرامبەر دەسەڵاتداران پیشاندا.

پەرەگراف

چالاکانی مەدەنی لە شوێنی گیانلەدەستدانی پێنج پێشمەرگەکە لەسەر ڕێگای گەرمیان-سلێمانی گردبوونەوەو چالاکییەکی ناڕەزاییان ڕێکخست، بە مەبەستی فشارکردن لە پێناو تەواوکردنی بە دووسایدکردنی ڕێگاکە.

بەپێی ئامارێک کە چالاکوانان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا خستیانەڕوو، لە ماوەی ٩ی ساڵی ڕابردوودا کە پڕۆژەی بەدووسایکردنی ڕێگاکە دەستی پێکردووەو هێشتا تەواو نەبووە، "٧٥٥ هاووڵاتی لەو ڕێگایە گیانیان لەدەستداوەو ٤٥٠٠ی دیکە برینداربوون و زیانی ملیۆنان دۆلار بە ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییان گەیشتووە".

چالاکان ڕەخنەی تووندیان لە بەرپرسانی هەرێم گرت کە لە کاتێکدا بەیاننامەی هاوخەمی بۆ قوربانییان بڵاودەکەنەوە، "بەڵام لە خۆیان ناپرسن قوربانییەکان بەرهەمی خراپیی دەسەڵات و قوربانیی دەستی ئەوانن"، هاوکات ڕەخنەیان لە بێدەنگیی خەڵکیش گرت و پێیانوایە ئەو بێدەنگییە بێباکیی زیاتری دەسەڵاتی لێکەوتووەتەوە.

ڕۆژی یەکی ئەم مانگە، لە ڕووداوێكی هاتوچۆدا لەسەر ڕێگای دەربەندیخان، پێنج پێشمەرگە گیانیان لەدەست دا کە پاش تەواوكردنی دەوامیان لە گەرمیانەوە بۆ ماڵەوە گەڕاونەتەوە.

ڕێگای سلێمانی - دەربەندیخان - كەلار بەهۆی خراپییەوە بە "ڕێگای مەرگ" ناسراوە و ڕۆژانە ڕووداوی هاتوچۆ تێیدا ڕوو دەدات. چەندین جاریش چالاكان و هاووڵاتیانى دەربەندیخان و كەلار خۆپیشاندان و مانگرتنیان بۆ چاككردنی ڕێگاكە ئەنجام داوە.

بەرلەو ڕووداوی هاتووچۆیە گرووپێك لە چالاكان لە كەلارەوە بە پێ چوونە سلێمانی و بۆ ماوەی 14 ڕۆژ لەبەردەم نووسینگەی پەرلەمانی كوردستان لە سلێمانی مانیان گرت. ئەو چالاكانە (كەمپینی فشار بۆ تەواوكردنی ڕێگای كەلار - سلێمانی)یان ڕاگەیاند، بەڵام دواجار ئەویش بێ‌ ئەنجام كۆتایی هات و چالاكان بە تووڕەییەوە گەڕانەوە بۆ گەرمیان.

لە كۆتاییی كەمپینەكەدا چالاكانی گەرمیان ڕایانگەیاند "سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی بە بیانووی جیاواز ئامادە نەبوون بمان بینن و نوێنەریشیان سەردانی نەكردین".

ئەو چالاكانە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەیان بەوەش كرد كە هەوڵیان داوە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی، وەكوو "خاوەنی یەكەمی دەسەڵات لە ناوچەكەدا" ببینن، ئەویش بێ‌ ئەنجام بووە.

چالاكانی گەرمیان دەڵێن "هیچ كام لە بەرپرسانی هەرێم باكیان بە گیانلەدەستدانی بەردەوامی ڕۆڵەكانی ئێمە و ئەو ڕووبارە لە خوێن نییە كە بەهۆی خراپیی ڕێگەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەوان پارەیان لەلا گرنگرترە لە ڕووحی هاووڵاتیان".