ئەندامی ناوەندێكی نزیك لە پەكەكە لە سلێمانی كوژرا

04-10-2022 01:02

پەرەگراف

ناگیهان ئاكارسەل، ئەندامی ناوەندی ئەكادیمیای لێكۆڵینەوەی ژنۆلۆژی كە ناوەندێكی نزیك لە پەكەكەیە، لە سلێمانی كوژرا.

میدیاكانی نزیك لە پەكەكە دەڵێن، ناگیهان ئاكارسەل لە نێوان كاتژمێر 10 بۆ 11ی بەیانیی ئەمڕۆ، لە نزیك لەماڵەكەی خۆی و ناوەندی ژنۆلۆژی لە گەڕەكی بەختیاریی شاری سلێمانی، "دەستڕێژی گوللـە"ی لێ‌ كراوە و دەستبەجێ‌ گیانی لەدەست داوە.

ناگیهان ئاكارسەر، چالاكوانی بواری ژنان، ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ژنۆلۆژی و ئەندامی ناوەندی ئەكادیمیی ژنۆلۆژی بووە، خەڵكی شاری كۆنیای توركیایە و بە ڕەچەڵەك كوردە.

تەرمی ئەو ژنە چالاكەی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، بە مەبەستی توێكاری ڕەوانەی پزیشكی دادیی سلێمانی كراوە.

پۆلیسی سلێمانی لە شوێنی ڕووداوەكە لێكۆڵینەوەی دەست پێ‌ كردووە، بەڵام هیچ زانیاییەك لەبارەی وردەكاریی ڕووداوەكە هێشتا بڵاو نەكراوەتەوە.