پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژ دەكاتەوە

04-10-2022 02:55

پەرەگراف

پەرلەمانی كوردستان بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی كۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاسایەك لەوبارەیەوە دەكات.

دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڕیاری داوە بە دانانی پرسی درێژكردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان لە كارنامەی دانیشتنی ژمارە (٩)ی ئاسایی خولی پایزەی پەرلەمان كە كاتژمێر (١٠)ی بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٥-١٠-٢٠٢٢ بەڕێوە دەچێت.

بەپێی كارنامەی دانیشتنەكە، تەوەی یەكەم تەیابەت دەبێت بە "خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەیاسای (بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان-عێراق)".

پێشنیازە یاساكە كە لەلایەن ٨٥ پەرلەمانتارەوە واژووی لەسەر كراوە، فراكسیۆنەكانی پارتی، یەكێتی، بەشێك لە گۆڕان و پێكهاتەكان پاڵپشتیی دەكەن. هەر یەك لە فراكسیۆنەكانی نەوەی نوێ‌، كۆمەڵ، یەكگرتوو، پەرلەمانتارە بێلایەنەكان و پێنج پەرلەمانتاری گۆڕان كە بە ناڕازییەكان ناودەبرێن و پەیوەندییان بە فراكسیۆنەكەیانەوە نەماوە، ڕەتی دەكەنەوە.

پێشنیازەیاساكە ڕۆژی ٢٩-٩-٢٠٢٢ بە واژووی ٨٥ پەرلەمانتارەوە ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرا. ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان كە پڕۆژەكەی وژۆ نەكردووە و داوای كرد ناوی نەهێنرێت، بە پەرەگرافی وت "پرۆژەكە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانە بۆ دوو وەرزی یاسادانان كە دەكاتە ساڵێك. پەرلەمانتارانی پارتی و یەكێتی و حەوت پەرلەمانتاری گۆڕان و پێكهاتەكان واژوویان كردووە، بەڵام لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن واژوویان نەكردووە".

ئەو ئەندامەی پەرلەمان ڕەخنەی تووندی لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان گرت، وتیشی "دوو هێزی دەسەڵات بارودۆخیان زۆر خراپە و نایانەوێت لەم كاتەدا هەڵبژاردن بكرێت، هاوكات تێبینی لەسەر یاسای هەڵبژادن و پشكی پێكهاتەكان هەیە ئەوەش هۆكاری دواخستنی هەڵبژاردن و درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانە كە دەكرا لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن".

تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان ٦-١١-٢٠٢٢ كۆتایی دێت، حیزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان چەندین مانگ لە گفتوگۆدابوون و ئەنجامەكەی هەر وەك خۆی مایەوە؛ نە ڕێككەوتن لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژارن و نە وادەی پڕۆسەكەیان دیاری كرد.

لە 30 ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە.

مشتومڕ و ناكۆكی حیزبەكان لەسەر چەند خاڵێكە؛ لە نێویاندا بازنەكانی هەڵبژاردن و كورسی كۆتاو كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، لەگەڵ هەندێك وردەكاری دیكە كە هەندێكیان پێیانوایە بە یاسایەكی نوێ دابیندەكرێت و بەشێكیشیان لەگەڵ دەستكاریكردنیی یاساكەدا نین.

كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، بۆ هەر هەڵبژاردنێك پێویستی بە شەش مانگ ئامادەكاری هەیە لە رۆژی دیاریكردنی وادەكەیەوە.