پارێزەرانی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی داوا دەکەن دۆسیەی داوا یاساییەکانی پەرەگراف بگوازرێنەوە بۆ هەولێر

04-10-2022 03:28

پەرەگراف

دووەم دانیشتنی دادبینی داوا یاساییەکانی سەرنووسەری پەرەگراف لەسەر هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو.

پارێزەرانی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی ئامادەبوون و داوایان لە دادگا کرد دۆسییەکان بگوازرێنەوە بۆ دادگای ھەولێر، بە پاساوی ئەوەی شوێنی کار و نیشتەجێبونی داوا لەسەرکراوان لە ھەولێرە.

کارزان فازڵ سەرۆکی ڕێکخراوی پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ(DHRD) کە پارێزەری سورکێو محەمەد سەرنووسەری پەرەگرافە لەم دۆسیەیانەدا، داوایکرد دادگا داواکەیان ڕەتبکاتەوە بەوپێیەی بە یاسای مافی بەدەستھێنانی زانیاری داواکە تۆمارکراوە و یاساکە بۆ ئاسانیی دەستگەیشتنە بە زانیاری و ھاتوچۆی ھەولێر ئاسان نییە بۆ سەرنوسەری پەرەگراف، ئەوان دەتوانن لە هەر شوێنێکی کوردستان پارێزەر بگرن و بەرگریی لە خۆیان بکەن، بەڵام دادگا بڕیاریدا داواکاریی پارێزەرانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت پەسەند بکات و بەپێی بڕگەی یەک لە ماددەی ٣٨ و ماددەی ٧٨ی یاسای دادبینی شارستانی، داواکان بگوازرێنەوە بۆ ھەولێر.

دادگا ڕۆژی ١٨-١٠-٢٠٢٢ی دیاریکرد بۆ بەڕێوەچونی دانیشتنی داھاتووی ھەردوو داواکە لە دادگای هەولێر.

هاوکات لە دانیشتنی داوا یاساییەکەی کە لەسەر سەرۆکی پەرلەمان تۆمار کراوە، پارێزەری ڕێواز فایەق داوای گواستنەوەی دۆسیەکەی نەکرد بۆ هەولێر، لائیحەیەکی وەڵامدانەوەی پێشکەش بە دادگا کرد و داوای ڕەتکردنەوەی داوا یاساییەکەی سەرنووسەری پەرەگرافی کرد بەھۆی چەند ھۆکارێک کە لە لائیحەکەدا خراوەتەڕوو، پارێزەری پەرەگراف داوای مۆڵەتی لە دادگا کرد بۆ وەڵامدانەوەی ئەو خاڵانەی لە لائیحەکەدا خراونەتەڕوو. دادگا داواکاریی مۆڵەت پێدانەکەی پەسەند کرد بۆ وەڵامدانەوەی لائیحە پێشکەشکراوەکەو دانیشتنەکە دواخرا بۆ ٢٠-١٠-٢٠٢٢.

داواکانی سەرنوسەری پەرەگراف بەپێی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری لە ٤-٨-٢٠٢٢ لەسەر سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تۆمارکراون و لە ٢٤-٨-٢٠٢٢ بەپێی ھەمان یاسا لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوەو تێیدا داوا لە داگا کراوە داوا لەسەرکراوان ناچار بکات بە پێدانی زانیاریی لەبارەی بودجەو وردەکاریی خەرجی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت، بەوپێیەی لە کاتی یاساییدا وەڵامی پەرەگرافیان نەداوەتەوە بە پێدانی ئەو زانیارییانە.

وردەکاریی داوای یاساییەکانی پەرەگراف