پلاسخارت: ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە کاتی خۆیدا باجی قورسی دەبێت

04-10-2022 09:48

پەرەگراف

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان جارێکی دیکە لەناو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە هۆشداریی دەربارەی لێکەوتەکانی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە وادەی خۆیدا دایە دەسەڵاتداران و لایەنەکانی هەرێم و دەڵێت "باجێکی قورسی دەبێت". دابەشبوونی کوردستان بەسەر دوو هەرێمی "سەوز و زەرد"یشدا بە "گەورەترین فاکتەری ڕێگریکرن" لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن ناو دەبات.

جینین پلاسخارت ئەمڕۆ ڕاپۆرتی وەرزانەی خۆی لەبارەی بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشدا پێشکەش کرد، تێیدا باسی لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کرد.

پلاسخارت وتی "سەبارەت بە چەند پرسێکی هەڵپەسێردراوی پەیوەست بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان چالاکانە لەگەڵ حکوومەت و لایەنە سیاسەییەکانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدا بووین. بڕیاربوو هەڵبژاردنەکە سێ ڕۆژ لەمەوبەر و لە ١ی ئۆکتۆبەر بەڕێوە بچێت، بەڵام هێشتا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە زەمینەیەکی هاوبەش و جارێکی دیکە دابەشبوونی سەوز و زەرد گەورەترین فاکتەری ڕێگریکردنە لە بەرەوپێشچوون".

نێردەی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق وتیشی "بە ڕاشکاوی ڕوونمان کردووەتەوە کە داری جادووییمان پێ نییە و پرسی هەڵبژاردن لەسەر ئیرادەی سیاسی وەستاوە، پێویستە سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان لەوە تێبگەن کە کاتێک دەتوانن کاریگەر بن کە بە کاریگەریی ئەوانی  دکەش ڕازی بن، بۆیە سازشکردن پێویستییەکی سەرەکییە".

جینین پلاسخارت باسی لە "قۆرغکردنی دەسەڵات" لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرد و بە هۆکارێک بۆ ناسەقامگیری ناوی برد.

"ڕێگەم بدەن جەخت بکەمەوە کە لێکەوتەی سیاسیی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە وادەی خۆیدا، مامەڵەی گونجاو نەکردن لەگەڵ خواستەکانی خەڵک، پشتگوێخستنی بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی، باجێکی قورسی دەبێت"، پلاسخارت وای وت.