پەرلەمان یەکەم هەنگاوی نا بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی

05-10-2022 01:18

پەرەگراف

پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پێشنیازەیاسایەک کرد کە تەمەنی خۆی پێ درێژدەکاتەوە بۆ ماوەی یەک ساڵ، سبەینێش خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکات، ئەم هەنگاوە هاوکات لەگەڵ ڕەخنەو هۆشدارییە تووندە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لەبارەی ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا.

لە کۆبوونەوەکەدا لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و پەرلەمانتارانی ناڕازیی بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، ناڕەزایی تووندیان لەو هەنگاوە دەربڕی کە لە لایەن پارتی و یەکێتی و گۆڕان و پێکهاتەکانەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت.

کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کوردستاندا وتی، بەپێی دەستووری عێراق و یاسای هەڵبژاردنی کوردستان و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ماوەی پەرلەمانیی بۆ ٤ ساڵەو درێژکردنەوەی نایاساییە.

"عەیبەو شەرمە پەرلەمان خۆی تەمەنی خۆی درێژبکاتەوە، خەڵک بۆ ٤ ساڵ دەنگی بە پەرلەمان داوە ئەوە بنپێکردنی دیموکراسیەت و ڕێز نەگرتنە لە دەنگ و مافی هاوڵاتی.. ئەمە مێژوویەکی ڕەشە لە خولی پێنجەمی پەرلەمان".

هاوکات شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو، وتی، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان سەرپێچییەکی دەستووریی ڕوون و ئاشکرایە "ئۆباڵ و بەرپرسیارێتی ئەم پێشیلکارییە دەخەینە ئەستۆی بەڕێزتان و پارتی و یەکێتی و گۆڕان کە واژۆیان لەسەر کردووە".

"پلاسخارت دوێنێ زۆر بەڕوونی تەهدیدی کردین کە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان چاوەڕوانیی سزای قورسی لێ بکەن" شێرکۆ جەودەت وای وت.

درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لە کاتێکدایە، جینین پلاسخارت نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، دوێنێ لەناو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە هۆشداریی دەربارەی لێکەوتەکانی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە وادەی خۆیدا دایە دەسەڵاتداران و لایەنەکانی هەرێم و وتی "باجێکی قورسی دەبێت".

پلاسخارت دابەشبوونی کوردستانی بەسەر دوو هەرێمی "سەوز و زەرد"یشدا بە "گەورەترین فاکتەری ڕێگریکرن" لە بەرەوپێشچوون و  بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن ناو برد.