ئاگر لە کامێرایەکی چاودێریی تیژڕەوی بەردرا لە ڕێگای سلێمانی-دوکان

06-10-2022 11:34
ئەو کامێرایەی ئەمڕۆ ئاگری تێبەردرا.

پەرەگراف

ئەمڕۆ ئاگر لە کامێرایەکی چاودێریی تیژڕەوی بەردرا لە نزیک ناحیەی پیرەمەگروون لەسەر ڕێگای سلێمانی-دوکان، سێ ڕۆژ لەمەوبەریش لەھەمان ڕێگا تەقە لەو کامێرایانە کرا.

شیروان حەسەن پارێزەری کۆمپانیای ئێرلی فیوچەر کە کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی دانانی کامێراکانە، بە پەرەگرافی وت "پێشئاگرەکە تەقەش لە کامێراکە کراوەو زیان بە یەک کامێرایان کەوتووە، دیار نیە کێ بووەو سەرقاڵی بەدواداچوونین".

پارێزەرەکە وتیشی "تائێستا سێ کامێرامان تەقەی لێکراوەو کامێرایەکی دیکەش فشەک بەر بۆکسەکەی کەوتووە کە پاتری و نەخشەوشتەکانی تێدایە".

کۆمپانیاکە سکاڵای تۆمار کردووە لە پۆلیسی پیرەمەگروون.

ئەوە لە کاتێکدایە ڕۆژی ٣-١٠-٢٠٢٢ جارێکی دیکە تەقە لە کامێرای چاودێریی تیژڕەوی کرا لەسەر ھەمان ڕێگاو فیشەک بەر کامێراکانکەوت.

پێشتریش ڕۆژی ٢٢-٨-٢٠٢٢ بۆ یەکەمجار لەسەر هەمان ڕێگا تەقە لەو كامێرایانەی تۆماركردنی تیژڕەویی ئۆتۆمبێل كرا كە ماوەیهەفتەیەك بوو بۆ تاقیكردنەوە دانرابوون.

دانانی ئەو كامێرای چاودێری تیژڕەوییانە بە سیستمی خاڵ بۆ خاڵە -پۆینت تو پۆینت-، ئەو سیستمە ناڕەزایی فراوانی خەڵکیلێکەوتووەتەوەو هەریەكە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و داواكاری گشتی دژی وەستاونەتەوەو بە فەرمی داوای هەڵوەشاندنەوەیگرێبەستی كۆمپانیاكە دەكەن.

کۆمپانیاکە گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ هەیەو بەردەوامە لەسەر کارەکانی و نووسراوی بۆ وەزارەتی ناوخۆ کردووە تا پڕۆەکە وەرگرتنیسەرەتایی بۆ بکرێت و بکەوێتەکار.

بەپێی گرێبەستەکە ٢٢٠ کامێرا لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین بە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ دادەنرێن.

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٣-٨-٢٠٢٢دا دانانی كامێراكانی چاودێری تیژڕەویی بە سیستمی پۆینت تو پۆینتتاوتوێ كردو بە كۆی دەنگ ڕەتی كردەوە و پێشنیاری بۆ پەرلەمانی كوردستان كرد گرێبەستی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و كۆمپانیایجێبەجێكاری پڕۆژەكە هەڵبوەشێنێتەوە.

ئازاد حەمەئەمین، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، دوای کۆوبونەوەکە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لە كۆبوونەوەیئەمڕۆدا سێ‌ بڕیارمان دا. یەكەم: بە كۆی دەنگی ئەندامانی ئامادەبوو ڕەتمان كردەوە ئەم پرۆژە لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە وئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕێن جێبەجێ‌ بكرێت".

"بڕیارێكی دیكەمان ئەوە بوو كە داوا لە داواكاری گشتی بكەین جارێكی دیكە كار بكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە و پێشنیازیشمانبۆ پەرلەمانی كوردستان ئەوەیە كە ڕێكاری یاسایی بگرێتە بەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی"، ئازاد حەمەئەمین وای وت.

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی "پێشنیاز كرا بۆ تۆماركردنی سكاڵا لەسەر وەزیری ناوخۆی هەرێم، پێشنیازەكە دەنگیهێنا، دوای ئەوەی ڕا و سەرنجی پسپۆڕانی یاسایی وەردەگرین، سكاڵاكە تۆمار دەكەین".

سەرۆكی ئەنجوومەن ئاماژەی بەوەش كرد كە "لایەنی جێبەجێكاری بڕیارەكە پارێزگارە و ئەگەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دژیبڕیارەكان بوەستنەوە، ناچار دەبین ڕێكاری یاسایی بەرانبەر ئەوانیش بگرینە بەر".

شوێنی كامێراكان بریتین لە (ناوشاری سلێمانی لە شەقامی 60 مەتری و 100 مەتری، ڕێگاكانی نێوان سلێمانی - ڕاپەڕین، سلێمانی - چەمچەماڵ، سلێمانی - گەرمیان و سلێمانی - هەڵەبجە).

بەپێی گرێبەستەكە، تا ئەو كاتەی كۆی تێچووی پرۆژەكە دەدرێتەوە بە كۆمپانیانی جێبەجێكار، لەسەدا 70ی داهات بۆ كۆمپانیا و لەسەدا30 بۆ حكومەت دەبێت، دواتر لەسەدا 80ی داهات بۆ حكومەت و لەسەدا 20 بۆ کۆمپانیا دەبێت تا 15 ساڵ، پاش ئەوە كۆی پرۆژەكە دەبێتبە هی حكوومەت.

داواكاری گشتیی سلێمانی لە ١٨-٨-٢٠٢٢ نووسراوێكی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی لێكۆڵینەوەی دەستپاكی كردووە و داوای گرتنەبەریڕێكاری یاسایی بەرانبەر دانانی كامێراكانی تیژڕەوی کردووە و دەڵێت "گرێبەستی دانانی كامێرای چاودێریی تیژڕەوی پێچەوانەی یاسایەو زیان بە بودجەی گشتی دەگەیەنێت".

داواكاری گشتیی سلێمانی دەشڵێت، سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی لە 19-1-2022 داوای لە وەزارەتی ناوخۆ كردووە بۆهەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە، بەڵام تا ئێستا هیچ كارێكی پێویست لەو ڕووەوە ئەنجام نەدراوە.