کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی گرژیی تێکەوت و ئۆپۆزسیۆن بایکۆتی کرد

06-10-2022 12:51

پەرەگراف

پەرلەمانی کوردستان لەناو گرژیی و ناڕەزایی تووندی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکاندا خوێندنەوەی دووەمی بۆ پێشنیازە یاسای درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی کرد، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد.

لەکاتی خوێندنەوەی پێشنیازە یاساکەدا پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن و ناڕازیی کێشایان بە مێزەکانی بەردەمیاندا وەک دەربڕینی ناڕەزایی و هەوڵدان بۆ ڕێگریی لە تێپەڕاندنی پڕۆژەکە، بەڵام پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی تەواو کردو لیژنەی یاسایی ڕاسپارد بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەسەر پڕۆژەکە تا بخرێتە دەنگدانەوە.

لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کۆکن لەسەر ئەو داوایەی کە پەرلەمان کارەکانی هەڵپەسێرێت و حکومەت ببێتە کاربەڕێکەر تاوەکو بە زووترین کات هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام پارتی و یەکێتی و گۆڕان کە زۆرینەی پەرلەمانین، گوێ بەو داوایە نادەن و سوورن لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ ماوەی ساڵێک.

 لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، داوایکرد پڕۆژەکە بکرێت بە "پێشنیازە یاسای هەڵپەساردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان"و پەرلەمان کارەکانی هەڵپەسێرێت تا هەڵبژاردن دەکرێت، وتیشی "ئەگەر نیەت هەبێت دەتوانین لە ماوەیەکی کورتدا هەڵبژاردن بکرێت.. هەرکەس لە دوای ٦-١١ لە پەرلەمان بمێنێتەوەو مووچە وەربگرێت عەیبەیەکی گەورەیە".

هەریەکە لە نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری و سەربەخۆکان، بایکۆتی دانیشتنەکەی پەرلەمانیان کرد.

عەبدولستار مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "بەردەوامبوونی ئەم خولەی پەرلەمان نایاساییەو داوامانکرد لانی کەم با پەرلەمان کارەکانی هەڵپەسێرێت".

هاوکات شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو، هەمان داواکاریی هەبوو کە پەرلەمان کارەکانی هەڵپەسێرێت و حکومەت ببێتە کاربەڕێکەر بە مەبەستی ئەوەی لە زووترین کاتدا هەڵبژاردن بکرێت.

"یەکێتی و پارتی و گۆڕان ڕێککەوتوون گوێ نەدەن بە ئازاری خەڵک و هەڕەشەکانی سەر قەوارەی هەرێم و بێمنەتانە تەنها لەبەر بەرژەوەندیی تەسک و پارەو پۆست تەمەنی پەرلەمان درێژ دەکەنەوە" سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو وای وت.