پڕكردنەوەی فۆڕمی ڤیزای بێ‌ بەرانبەری ئەمریكا دەستی پێ‌ كرد؛ ڕێنماییەكان چین؟

06-10-2022 02:50

پەرەگراف

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەستپێكردنی پڕكردنەوەی فۆڕمی ڤیزای بێبەرانبەر (ناسراو بە ڤیزەی یانسیب)ی ئەمریكای بۆ ساڵی 2024 ڕاگەیاند. لەمڕۆ تا 8-11-2022 لە سەرتاسەری جیهان خەڵك دەتوانن فۆڕمی داواكاری بۆ وەرگرتنی ڤیزاكە پڕ بكەنەوە.

ساڵانە دەوروبەری 10 ملیۆن كەس لە ناوچە جیاوازەكانی جیهانەوە داواكاری بۆ وەرگرتنی ڤیزای بێبەرانبەری ئەمریكا پڕ دەكەنەوە، تێیدا 50 هەزار كەس بە شێوەیەككی هەڕەمەكی ڤیزاكەیان پێ‌ دەدرێت، لە ساڵانی ڕابردوودا چانس یاوەری هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش بووە.

كونسوڵخانەی ئەمریكا ژمارەیەك ڕێنمایی بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی وەرگرتنی ڤیزاكە بڵاو كردووەتەوە، تا هاووڵاتیانی هەرێم زانیارییان لەسەر چۆنێتیی پڕكردنەوەی فۆڕمەكە و ڕێكارەكانی هەبێت.

لینكی پێشكەشكردنی داواكاری بۆ ڤیزا: dvprogram.state.gov

ڕێنماییەكان:

١. تكایە ئاگادار بن ئەو وێبسایتەی ناوی لێوە تۆمار دەكەیت، سیستمێكی ئۆنلاینە و لە رێیی كونسوڵخانەوە بەڕێوە نابرێت و ئاگاداربن كە تەنها بۆ ئێرە هەرێمی كوردستان و عێراق نیە و بۆ هەموو جیهان و ئەو وڵاتانەی ئەم پڕۆگرامە دەیانگرێتەوە بەردەستە.

٢. تەنها سەرچاوە بۆ ناتۆماركردن بۆ پڕۆگرامەكە ئەو وێبسایتەیە كە لە سەرەوە لە ناو پۆستەكە لینكەكەیمان داناوە. لە هیچ شوێنێكی تر و بە هیچ شێوەیەكی تر ناو تۆمار ناكرێت. تكایە دڵنیابەرەوە لە دروستیی وێبسایتەكە، چونكە زۆر وێبسایتی ساختە هەن.

٣. لەسەر وێبسایتەكە ڕێنمایی تەواو بەردەستە لەسەر چۆنیەتی پڕكردنەوە و ئەو زانیاریانەی كە داوات لێ دەكرێت.

٤. دوای ئەوەی لەسەر وێبسایتەكە دەست دەكەیت بە داخڵكردنی زانیاریەكانت، دەبێت لە ماوەی ٦٠ خولەكدا تەواوی بكەیت، ئەگەر لەو ماوەیە زیاتر تێپەڕی، ئەوا وێبسایتەكە سفر دەبێتەوە و دەبێت دوبارە گشت زانیاریەكان داخڵ بكەیتەوە.

٥. دوای ئەوەی ناوەكەت تۆمار دەكەیت، هەر لەسەر شاشەكەت، ژمارەیەكی تایبەتیت پێدەگات كە پشتڕاستی ئەوە دەكاتەوە ناوت تۆماربووە و پێی دەوترێت كۆنفێرمەیشن نەمبەر (Confirmation Number). ئەو ژمارەیە لای خۆت هەڵبگرە كە دواتر بەكاریدههێنیت بۆ زانینی ئەنجامەكە.

٦. تەنها یەك جار بۆت هەیە ناوت تۆمار بكەیت و ئەگەر لە یەك جار زیاتر ناو تۆمار بكەیت، ئەوا مافی سودمەندبوونت لە پڕۆگرامەكە نامێنێت. بۆ ئەوەی بزانیت ناوت تۆماربووە، ئەبێت ڕاستەوخۆ دوای ناوتۆماركردنەكە و داگرتنی دوگمەی ناردن (Submit)، كۆنفێرمەیشن نەبەرەكەت پێبگات لە سەر شاشەكەت.

٨. ئەنجامی ناوتۆماركردنەكە لە مانگی ٥ ی ساڵی داهاتوو دەردەچێت. هەر لەسەر هەمان وێبسایت و بە داخڵكردنی كۆنفێرمەیش نەمبەرەكە و ناوی خۆت و ساڵی لە دایكبوونت، دەرئەنجامەكەت دەست دەكەوێت.

٩. تكایە ئاگاداربن كە بە هیچ شێوەیەك و لە هیچ بارودۆخێكدا بە ئیمێڵ و پەیوەندی تەلەفۆنی و نامە ئەو دەرئەنجامەت پێناوترێت. هەركات شتی وات بۆ هات، یەكسەر وەكو كاری ساختەكاری ڕەچاوی بكە و سەرچاوەكەی بلۆك بكە.