پزیشكی دادی ئێران: مردنی ژینا بەهۆی لێدان لە سەری نەبووە

07-10-2022 07:33

پەرەگراف

پزیشكی دادی ئێران ڕاپۆرتی خۆی دەربارەی هۆكاری مردنی ژینا ئەمینی بڵاو كردەوە و دەڵێت "مردنی بەهۆی لێدان لە سەر و ئەندام و پێكهاتە هەستیار و گرنگەكانی لەشەوە نەبووە".

لە ڕاپۆرتەكەی پزیشكی دادی ئێراندا هاتووە "ڕۆژی 13/09/2022 لە كاتژێر 7:56 خولەكی ئێوارەدا، مەهسا (ژینا) ئەمینی لەناكاو تووشی دابەزینی ئاستی ئاگایی بووە و لە ئەنجامدا كەوتووەتە سەر زەوی".

بەپێی لێكۆڵینەوە و لێكدانەوەی پزیشكی دادی ئێران "بەهۆی ئەو نەخۆشییەی پێشتر (ژینا) هەی بووە، لەشی توانای پێویستی قەرەبووكردنەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەو دۆخی دابەزینی ئاستی ئاگاییە نەبووە، لە ئەنجامیشدا تووشی تێكچوونی لێدانی دڵ و دابەزینی پەستانی خوێن بووە".

هەر لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، دواتر ئاستی ئاگایی ژینا زیاتر دابەزیوە و هەوڵە سەرەتاییەكان بۆ بووژانەوەی دڵ و گەڕانەوەی هەناسەی كاریگەر نەبوون، بۆیە تووشی دابەزینی ئۆكسجین بووە و لە ئەنجامیشدا زیان بە مێشكی گەیشتووە.

هەروەها لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، سەرەڕای گەڕاندنەوەی لێدانی دڵی ژینا بە هەوڵی تیمی فریاگوزاری، ئەو پاڵپشتییەی بۆ هەناسەدانی دانراوە، كاریگەر نەبووە، لەگەڵ ئەوەی بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە و ستافی نەخۆشخانەی كەسرا هەوڵی خۆیان داوە، ژینا "بەهۆی ناتەواویی چەند ئەندامێك و دواجاریش دابەزینی ئۆكسجینی مێشكی، لە 16-9-2022 گیانی لەدەست داوە".

پزیشكی دادی ئێران دەڵێت: "بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە پزیشكییەكانی نەخۆشخانە، لێكۆڵینەوە لە سی تی سكانی مێشك و سییەكان، ئەنجامی پشكنینی ڕواڵەتی و توێكاریی تەرمەكەی، پشكنینەكانی دەرخستنی زیانەكانی لەش، مردنی ناوبراو بەهۆی لێدان لەسەر و ئەندام و پێكهاتە گرنگ و هەستیارەكانی لەشی نەبووە."

سەبارەت بە نەخۆشیی پێشتری ژینا، لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە "پێشتر لە تەمەنی هەشت ساڵیدا نەشتەرگەریی گرێی كرەینیۆفەرینجیۆما (یەكێكە لە گرێكانی مێشك)ی بۆ كراوە، دوای ئەو نەشتەرگەرییە تووشی كێشە هاتووە لە ناوچەی (هایپۆساڵەمەس - Hypothalamus)ی مێشك".

(هایپۆساڵەمەس - Hypothalamus) بە كوردی (ژێرلانك)ی پێ‌ دەگوترێت. لە ویكیپیدیادا هاتووە "ژێرلانك: ناوچەیەكی دەماخە، چالاكیی دەمارەكۆئەندام و كۆئەندامی كوێرەڕژێنە ڕێك دەخات. ھەروەھا دەست دەگرێت بەسەر زۆرێك لە چالاكییەكانی لەش كە پەیوەستن بە ھاوسەنگیی ناوەكی".

ڕاپۆرتەكەی پزیشكی دادی ئێران دەڵێت "بەهۆی ئەو كێشەی لە ژێرلانكیدا دروست بووە، ژینا بۆ چارەسەر دەرمانەكانی هایدرۆكۆرتیزۆن، لیڤۆتایرۆكسین و دزمۆپرێسن بەكار هێناوە".

ژینا ئەمینی، كچێكی كوردی تەمەن 22 ساڵی شاری سەقز بوو، ڕۆژی 13-9-2022 لە كاتێكدا لەگەڵ براكەی چووبوونە شاری تاران، لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە بە بیانووی ڕەچاونەكردنی باڵاپۆشی دەستگیر كرا، دواتر بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستیی ڕەوانەی نەخۆشخانە كرا و دوای دوو ڕۆژ گیانی لەدەست دا.

مردنی گوماناویی ژینا بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی، چونكە كەسوكار و بەشێك لە چالاكان و كەسایەتیی دیكەش، دەڵێن مردنی ئەو كچە لە ئەنجامی لێدان لە سەری بووە، لەو كاتەی كە بۆ بنكەی پۆلیس گوازراوەتەوە، بەڵام حكومەتی ئێران ئەوە ڕەت دەكاتەوە.

بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییانەی كە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و دەیان شار و شارۆچكەی دیكەی ئێران لە ئەنجامی مردنی ژینا سەری هەڵداوە، بەپێی ئاماری ڕێكخراوەكان بەلای كەمەوە 23 كەس لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و 154 كەس لە سەرتاسەری ئێران كوژراون. ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، تەنیا لە خۆپیشاندانەكەی شاری زاهیدان "82" كەس كوژراون.