درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار پەسەند کرا

09-10-2022 11:11

پەرەگراف

پێشنیازەیاساى درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان و پێکهاتەکان پەسەند کرا.

لە بڕگەى یەکەمى کۆبوونەوەى ئەمڕۆى پەرلەمانى کوردستاندا، لیژنەى یاسایى پەرلەمان دوو پێشنیازى سەبارەت بە چارەنووسى ئەم خولەى پەرلەمان خوێندەوە و لەلایەن سەرۆکایەتیى پەرلەمان خرانەوە دەنگدانەوە.

پیێشنیازى یەکەمیان  بریتى بوو لە "پێشنیازەیاسای هەڵپەساردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانى کوردستان - عێراق". ئەم پێشنیازە تەنیا "سێ" پەرلەمانتار دەنگیان پێ دا کە ئەندامى فراکسیۆنى نەوەى نوێ بوون.

پێشنیازى دووەم کە "پێشنیازەیاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانى کوردستان - عێراق" بوو، بە دەنگى ٨٠ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانى پارتى، یەکێتى، گۆڕان و پێکهاتەکان پەسەند کرا.

فراکسیۆنە ناڕازییەکان جگە لە نەوەى نوێ، بایکۆتى کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆیان تایبەت بە درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان کردبوو.

شەوى ڕابردوو، عەبدولستار مەجید، سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵ، ڕایگەیاند "فراكسیۆنەکانی كۆمەڵ، یەكگرتوو، ئازادی، بەشێك لە گۆڕان و پەرلەمانتارانی سەربەخۆ بەشداریی كۆبوونەی سبەینێی پەرلەمانی كوردستان کە تایبەتە بە دەنگدان بە درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان، ناكەن".