سوپای پاسدارانی ئێران هێرشەكانی ڕاگرت و مەرجی بۆ بەرپرسانی هەرێم هەیە

09-10-2022 02:51

پەرەگراف

سوپای پاسدارانی ئێران هێرشەكانی بۆ سەر بارەگای حیزبەكانی ڕۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێم ڕاگرت و مەرجی بەردەوامیی ئاگربەستی بە مامەڵەی بەرپرسانی هەرێم بەستووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم)ی نزیك لە سوپای پاسداران لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەڵێت "پاش خاپووركردنی ئەو ئامانجانەی پێشتر دیاری كرابوون، هێرشەكانی سوپا ڕاگیراوە و دەسپێكردنەوەی پەیوەستە بە مامەڵەی بەرپرسانی هەرێمی باكووری عێراق (مەبەستی هەرێمی كوردستانە)".

میدیاكەی نزیك لە سوپای پاسداران دەڵێت "لە حاڵەتێكدا كە بەرپرسانی هەرێم بڕیارێكی دروست بدەن، پێش بە فیتنەگێڕی و خراپەكارییەكانی گرووپە جوداییخواز و دژ بە ئێرانەكان بگرن، ئەم ئاگربەستە بەردەوام دەبێت، بە پێچەوانە سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنەكانی خۆی دەست پێ‌ دەكانەوە".

بەپێی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، لە بۆردوومانەكانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر بارەگای حیزبەكانی ڕۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێم، بارەگاكانی "دیموكرات، كۆمەڵە، پارتی ئازادی كوردستان (پاك) و پژاك كراونەتە ئامانج". دەشڵێت "تەنیا لە قۆناغی یەكەمدا ٣٠ كوژراو و ٢٠٠ بریندار"ی لێ‌ كەوتووەتەوە.

بەڵام بەپێی ئەو ئامارانەی حیزبەكان خۆیان بڵاویان كردووەتەوە، ١٧ کەس لە بۆردوومانەكانى ڕۆژى ٢٨-٩-٢٠٢٢دا گیانیان لەدەست داوە. سەرچاوەیەک لە پارتى ئازادیى کوردستان بە پەرەگرافى وت "دوایین ئامار لاى ئێمە هەشت شەهید و ٢٧ بریندارە". پێشتریش دیموکرات ڕایگەیاندبوو "هەشت پێشمەرگەمان شەهید بوون"، دواتریش منداڵێکى ساوا کە دایکى لە بۆردوومانەکەدا گیانى لەدەست دا، خۆیشى گیانى لەدەست دا.