چوار ئەندامى خێزانێک بە تەزووى کارەبا گیانیان لەدەست دا

09-10-2022 03:46

پەرەگراف

چوار ئەندامی یەك خێزان كە دایك و باوك و دوو منداڵن، بێ‌ ئەوەی كەس پێیان بزانێت، بەهۆی تەزووی كارەباوە لە ماڵەكەی خۆیاندا گیانیان لەدەست دا. هاوڕێیەكی ژنەكە چۆنێتیی ئاشكرابوونی گیانلەدەستدانی ئەو خێزانە بۆ پەرەگراف دەگێڕێتەوە.

نیزەڕۆی ئەمڕۆ، سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی ١٢٢، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەکی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، لە گەڕەکی چوارباخی شاری سلێمانی، لە ماڵێکی بەرامبەر حەمامی چوارباخ، تەرمی دایک و باوک و کوڕ و کچێک دۆزراونەتەوە".

دواتر پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند "لە ماڵێكدا لە گەڕەكی جوولەكانی شاری سلێمانی، بەهۆی تەزووی كارەباوە چوار ئەندامی یەك خێزان گیانیان لەدەست داوە".

پۆلیس دەڵێت "دوای گەیشتنی تیمەكانی بەڵگەی تاوانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی كەشف و هێڵكاری شوێنی ڕوداوەكە كرا، دەركەوت كە هەر چوار قوربانییەكە بەهۆی تەزوی كارەباوە گیانیان لەدەست داوە".

پۆلیسی سلێمانی ناسنامەی ئەندامانی ئەو خێزانەی بڵاو كردووەتەوە كە پێكهاتوون لە "عادل مستەفا سەعید لەدایكبووی ١٩٦٦، شعریە عەلی ئەمین لەدایكبووی ١٩٧٢، محەمەد عادل مستەفا لەدایكبووی ١٩٩٩و جوان عادل مستەفا لەدایكبووی ٢٠٠٢".

سەبارەت بە چۆنێتیی ڕووداوەكە، نەسرین كاكەحەمە، هاوڕێ‌ و هاوكاری كۆچكردوو (شعریە عەلی)، بە پەرەگرافی وت "بەیانی چووم بە شوێنیدا بۆ دەوام، دووسێ جار تەلەفۆنم بۆ کرد وەڵامی نەدایەوە، چوومە نەخۆشخانە بە کارمەندەکانم وت ژمارە مۆبایلی کەسێکی ترتا لایە پەیوەندیی پێوە بکەین؟ دواتر تەلەفۆنم بۆ کچەکەیان کرد، ئەویش وەڵامی نەدایەوە".

نەسرین كاكە حەمە و شعریە عەلی كە پێكەوە لە سەنتەری گورچیلەی دەستكرد كارمەند بوون، نەسرین دەڵێت "ئەو یەکێک بوو لەو کارمەندانەی ئەگەر پێنج خولەک دوابکەوتایە، تەلەفۆنی بۆ دەکرم و پێی دەوتم". بۆیە ئەوان نیگەران بوون و هەوڵیان داوە پەیوەندی بە كەسواریانەوە بكەن.

"براژنێکی شعریە زۆر هاوڕێمە، ئیتر تەلەفۆنم بۆ ئەو کرد و ئاگادارم کرد، ئەویش وتی تەلەفۆن بۆ هەرچواریان دەکەم وەڵام نادەنەوە، ئیتر ئەویش تەلەفۆنی بۆ براکەی کردبوو"، نەسرین كاكە حەمە بۆ پەرەگراف وای وت.

پاش ئەوەی برای ژنەكە بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخیان دەچێتە ماڵی خوشكەكەی، دەبینێت هەر چوار ئەندامی خێزانەكە گیانیان لەدەست داوە.