بارزانی و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ڕێککەوتن بۆ گەیشتن بە چارەسەر لەسەر دیاریکردنی سەرۆککۆمار

10-10-2022 03:42
سەردانی ئەمڕۆی شاندی هاوپەیمانییەکە بۆلای بارزانی

پەرەگراف

مەسعود بارزانی و شاندێکی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبوونەوەو ڕێککەوتن بۆ گەیشتن بە چارەسەر لەسەر دیاریکردنی کاندیدی سەرۆککۆمار بەر لە کۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر ئەو پرسە.

بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ڕێڕەوی دانوساندنەكانی پەیوەست بە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان و دیاریكردنی سەرۆككۆمار و پێكهێنانی حكوومەتی فیدڕاڵی تاوتوێ كرا.

"بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لەسەر دیراسەكردنی ئەو بابەتە هەستیارانە و گەییشتن بە چارەسەر ڕێككەوتن، ئەویش بەر لە بەستنی كۆبوونەوەی پەرلەمانی تایبەت بەم پرسە" بارەگای بارزانی وادەڵێت.

سەردانی ئەو شاندە بۆلای بارزانی لە کاتێکدایە هەوڵەکان بە چڕیی دەستیان پێکردووە بۆ کۆوبونەوەی پەرلەمان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارو پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، شاندەکە محەمەد شیاع سودانی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەت لە نێویاندا بوو.

هەر ئەمڕۆ موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ١٧٠ پەرلەمانتار واژۆیان کۆکردووەتەوە تا ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەنجام بدرێت، سەرۆکایەتی پەرلەمانیش تاوتوێی ئەو داوایە دەکات.

پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردەو هێشتا پارتی و یەکێتی وەک دوو لایەنی سەرەکی ڕێکنەکەوتوون لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ ئەو پۆسەو هەرلایەکیان سوورن لەسەر کاندیدی خۆیان.