١٧٠ پەرلەمانتار داوادەکەن چوارشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەنجام بدرێت

10-10-2022 04:34

پەرەگراف

پەرلەمانتاران فشارەکانیان دەستپێدەکەن بۆ کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق و ١٧٠ پەرلەمانتار یاداشتێکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد.

موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە کۆتایی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا ڕایگەیاند، بە واژۆی ١٧٠ پەرلەمانتار داواکارییەکیان ئاڕاستە کراوە تا چوارشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەنجام بدرێت.

سەرۆکایەتی پەرلەمان تاوتوێی ئەو داوایەی پەرلەمانتاران دەکات و بڕیاری لەبارەوە دەدات.

بەپێی پەیڕوى ناوخۆى پەرلەمانى عێراق، 50 پەرلەمانتار دەتوانن داواکاریى پێشکەش بکەن بۆ ئەنجامدانى کۆبوونەوە لەسەر پرسێکى دیاریکراو.

پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردەو هەتا یەکلایی نەکرێتەوە، کاندیدی سەرۆکوەزیران ڕاناسپێردرێ و هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەىستپێناکەن.

هێشتا ڕێککەوتن لە نێوان پارتی و یەکێتیدا نییە لەسەر ئەو پرسە، ئەمڕۆش مەسعود بارزانی و شاندێکی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبوونەوەو ڕێککەوتن بۆ گەیشتن بە چارەسەر لەسەر دیاریکردنی کاندیدی سەرۆککۆمار بەر لە کۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر ئەو پرسە.

بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ڕێڕەوی دانوساندنەكانی پەیوەست بە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان و دیاریكردنی سەرۆككۆمار و پێكهێنانی حكوومەتی فیدڕاڵی تاوتوێ كرا.

"بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لەسەر دیراسەكردنی ئەو بابەتە هەستیارانە و گەییشتن بە چارەسەر ڕێككەوتن، ئەویش بەر لە بەستنی كۆبوونەوەی پەرلەمانی تایبەت بەم پرسە" بارەگای بارزانی وادەڵێت.

سەردانی ئەو شاندە بۆلای بارزانی لە کاتێکدایە هەوڵەکان بە چڕیی دەستیان پێکردووە بۆ کۆوبونەوەی پەرلەمان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارو پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، محەمەد شیاع سودانی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەت لەناو شاندەکەدا بوو کە ئەمڕۆ لەگەڵ بارزانی کۆبوونەوە.