پارێزەرانی بافڵ تاڵەبانی: دادگای سلێمانی داواکەی لاھور جەنگی ڕەتکردەوەو دۆسیەکەی داخست

10-10-2022 05:18

پەرەگراف

تیمی پارێزەرانی بافڵ تاڵەبانی بڕیاری دادگای سلێمانییان بڵاوکردەوە لەسەر ئەو داوایەی لاھور شێخ جەنگی لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماری کردبوو.

تیمی پارێزەرانی بافڵ تاڵەبانی دەڵێن "لە ڕێكەوتی ٩/١٠/٢٠٢٢ دادگای بەرایی سلێمانی بڕیاریدا بە رەتكردنەوەی داواكەی (لاهور جەنگی بورهان) پاش ئەوەی بریكاری (بافڵ جەلال تاڵەبانی) لە داوا یاساییەكەدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، تەواوی ئەو بڕیارانەی كە دراون یاسایین و بە پێی پەیڕەوی یەكێتی ئەنجامدراون. تەواوی بەڵگەكانی بۆ دادگا خستەڕوو و داوایكرد داواكەی رەت بكرێتەوە چونكە بە پێی یاسای احزاب دەبێت لە ماوەی ٦٠ رۆژدا داوا تۆمار بكەن، بەڵام داواكار دوای تێپەڕبوونی ماوەیەكی زۆر داوای تۆمار كردووە".

"‎بۆیە دادگا بڕیاریدا بە رەتكردنەوەی داوای لاهور جەنگی بورهان و داخستنی دۆسیەكە بە یەكجاری لە بەرژەوەندی بافڵ جەلال تاڵەبانی" تیمی پارێزەرانی بافڵ تاڵەبانی وادەڵێن.

لاهور شێخ جەنگی لە داواکەیدا داوایکردووە دادگا دەسەڵاتەکانی هاوسەرۆکی یەکێتی بۆ بگەڕێنێتەوەو تۆمەتی ئەوەی ئاڕاستەی بافڵ تاڵەبانی کردووە کە "بە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی" لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوەو ڕێگەی پێنادرێت دەسەڵاتەکانی پیادە بکات و هەروەها "چەند تۆمەتێکی ناڕەوای بۆ دروستکردووە کە ناگونجێن لەگەڵ پێگەکەیدا".