فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی ئیدانەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەكەن

10-10-2022 06:06

پەرەگراف

فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی "ئیدانەی توند"ی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەكەن و بە "پێشێلكردنی سەروەریی یاسا، لەباربردنی شەرعیەتی دامەزراوەكان و پاشەكشەی دیموكراسی" لە هەرێمی كوردستان ناوی دەبەن.

ئەو ڕێكخراوانە لە یاداشتێكدا كە ئاراستەی لە یاداشتنامەیەكدا كە ئاراستەی نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕێكخراوە بیانی و نێودەوڵەتییەكان، كونسوڵخانەكان، حكوومەت و پەرلەمانی عێراق و سەرۆكایەتییەكانی هەرێمیان كردووە، دەڵێن "لێكەوتە خراپەكانی دەخەینە ئەستۆی هەر سێ هێزی (پارتی و یەكێتی و گۆڕان) و هەموو ئەو ئەندامانەی پەرلەمان كە ئیمزایان لەسەر پێشنیازەیاسای درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كردووە".

فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی ئاماژە بەوە دەكەن "ئەگەر گەل سەرچاوەی دەسەڵاتەكان بێت و هەڵبژاردن شەرعیەت بداتە دامەزراوەكان، كەواتە بە درێژكردنەوەی خۆبەخۆی تەمەنی پەرلەمان، هیچكام لە دامەزراوەكانی پەرلەمانی كوردستان و كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان شەرعیەتی دیموكراسی و هەڵبژاردنیان نامێنێت".

هەروەها لە یاداشتەكەدا هاتووە "حزبە پێكهێنەرەكانی كابینەی نۆیەم بەم هەنگاوە ناشەرعییەیان دەریانخست كە تەنها بە شوێن ئەوەوەن لە هەرەمی دەسەڵاتدا بمێننەوە و چەندێك بۆیان بكرێت هەڵبژاردنە گشتییەكان لە بنچینەدا نەهێڵن، ئەگەر ئەوەشیان بۆ نەچووە سەر، بتوانن هەڵبژاردنێكی شكڵی و ڕواڵەتئامێزی پڕ لە تەزویر و ساختە ئەنجام بدەن كە بردنەوەی خۆیانی تێدا مسۆگەر بێت".