هێشتا گرێکوێرەی پۆستی سەرۆککۆمار لە نێوان پارتی و یەکێتی نەکراوەتەوە

10-10-2022 10:16

پەرەگراف

هێشتا گرێکوێرەی پۆستی سەرۆککۆمار لە نێوان پارتی و یەکێتی نەکراوەتەوەو هەرلایەکیان سوورن لەسەر بەدەستهێنانی پۆستەکە بۆ کاندیدەکانیان، یەکێتی دەڵێت، "گرەنتییان لە سوننەو شیعە وەرگرتووە" بۆ دەنگدان بە کاندیدی ئەوان.

سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی بە پەرەگرافی وت "تائەمڕۆ پارتی داوای پۆستەکە دەکات نەک گۆڕینی کاندید لەلایەن یەکێتییەوە، یەکێتیش ئەوە ڕەتدەکاتەوەو پۆستەکە بە مافی خۆی دەزانێت و دەستبەرداری نابێت".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی، "هەرچەندە تا ساتەکانی کۆتایی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەگەری هەر گۆڕانکارییەک هەیە، بەڵام لایەنە سوننەو شیعەکان بەڵێنیانداوە دەنگ بە کاندیدی یەکێتی بدەن و ئەگەر لەگەڵ پارتی نەگەنە ڕێککەوتن یەکێک لە سیناریۆکان ئەوەیە پارتی بایکۆتی کۆبوونەوەی پەرلەمان بکات تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار".

لەگەڵ بەردەوامیی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی، پەرلەمانتاران فشارەکانیان دەستپێدەکەن بۆ کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.

موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، بە واژۆی ١٧٠ پەرلەمانتار داواکارییەکیان ئاڕاستە کراوە کە چوارشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەنجام بدرێت.

سەرۆکایەتی پەرلەمان تاوتوێی ئەو داوایەی پەرلەمانتاران دەکات و بڕیاری لەبارەوە دەدات.

پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردەو هەتا یەکلایی نەکرێتەوە، کاندیدی سەرۆکوەزیران ڕاناسپێردرێ و هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەىستپێناکەن.

ئەمڕۆش مەسعود بارزانی و شاندێکی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبوونەوەو ڕێککەوتن بۆ گەیشتن بە چارەسەر لەسەر دیاریکردنی کاندیدی سەرۆککۆمار.

بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا ڕێڕەوی دانوستانەکانی پەیوەست بە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان و دیاریكردنی سەرۆككۆمار و پێكهێنانی حكوومەتی فیدڕاڵی تاوتوێ كران.

بەپێی بارەگای بارزانی، "بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لەسەر دیراسەكردنی ئەو بابەتە هەستیارانە و گەیشتن بە چارەسەر ڕێككەوتن، ئەویش بەر لە بەستنی كۆبوونەوەی پەرلەمان تایبەت بەم پرسە".