ڕۆژی پێنج شەممە کۆبوونەوەی پەرلەمانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار

11-10-2022 02:12

پەرەگراف

كۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق كە ١٧٠ واژووی پەرلەمانتاران بۆ ئەنجامدانی لە سبەینێدا كۆكرابووەوە، خرایە ڕۆژی پێنج شەممە.

محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند "دانیشتنی ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتووی پەرلەمان یەک بڕگە لەخۆی دەگرێت کە ئەویش هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارە".

ئەوە لەکاتێکدایە هێشتا پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ ئەو پۆستە ڕێکنەکەوتوون کە پشکی کوردە.

سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی دوێنێ بە پەرەگرافی وت "تا ئەمڕۆ پارتی داوای پۆستەكە دەكات، نەك گۆڕینی كاندید لەلایەن یەكێتییەوە، یەكێتیش ئەوە ڕەت دەكاتەوە و پۆستەكە بە مافی خۆی دەزانێت و دەستبەرداری نابێت".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "هەرچەندە تا ساتەكانی كۆتایی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار ئەگەری هەر گۆڕانكارییەك هەیە، بەڵام لایەنە سوننە و شیعەكان بەڵێنیان داوە دەنگ بە كاندیدی یەكێتی بدەن و ئەگەر لەگەڵ پارتی نەگەنە ڕێككەوتن، یەكێك لە سیناریۆكان ئەوەیە پارتی بایكۆتی كۆبوونەوەی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار بكات".

هەتا پۆستی سەرۆككۆمار یەكلایی نەكرێتەوە، كاندیدی سەرۆكوەزیران ڕاناسپێردرێ و هەنگاوەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ دەست پێ ناكەن.

دوێنێش مەسعود بارزانی و شاندێكی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت كۆبوونەوە و ڕێككەوتن بۆ گەیشتن بە چارەسەر لەسەر دیاریكردنی كاندیدی سەرۆككۆمار بەر لە كۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر ئەو پرسە.

بارەگای بارزانی بڵاوی كردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ڕێڕەوی دانوستانەكانی پەیوەست بە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان و دیاریكردنی سەرۆككۆمار و پێكهێنانی حكوومەتی فیدڕاڵی تاوتوێ كرا.

"بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لەسەر دیراسەكردنی ئەو بابەتە هەستیارانە و گەییشتن بە چارەسەر ڕێككەوتن، ئەویش بەر لە بەستنی كۆبوونەوەی پەرلەمانی تایبەت بەم پرسە" بارەگای بارزانی وا دەڵێت.