خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە 26ـەمین ڕۆژدا بەردەوامە؛ گیان لەدەستدان ھەڵدەکشێت

11-10-2022 03:59
وێنە و ناوی 30 كەس لەوانەی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان گیانیان لەدەست داوە. لەلایەن تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان بڵاو كراوەتەوە

پەرەگراف

خۆپیشاندانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و شارەكانی دیكەی ئێران لە ٢٦ـەمین ڕۆژیدا بەردەوامە و بەپێی دوایین ئاماری ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، زیاتر لە ٣٠ هاووڵاتیی كورد لە خۆپیشاندانەكاندا گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەكی زۆر بریندار و دەستگیر كراون. ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش باس لە گیانلەدەستدانی "لای كەم ١٨٥ كەس" دەكات.

ئەمشەو لە هەردوو شارى سنە و بانە خۆپیشاندان و پێکدادان لەگەڵ هێزە چەکدارەکانى ئێران سەرى هەڵداوەتەوە. بەپێى دوو گرتەى ڤیدیۆیى کە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوى کردوونەتەوە، لە شارى سنە پێکدادانى توند لە نێوان هێزەکانى ئێران و خۆپیشاندەران دروست بووە و دەنگى تەقەیەکى زۆر دەبیسترێت. لە شارەکانى دیواندەرە، مهاباد، کرماشان و سەقز، هەروەها لە تارانى پایتەخت و چەندین شارى دیکەش لەوانە بابل، کرمان، بەندەر عەباس و گیلان خۆپیشاندان بەردەوامە.

بەپێی ڕاپۆرتی نۆیەمی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كە ئەمڕۆ بڵاو كراوەتەوە، تا ئێستا "گیانلەدەستدانی ٣٢ هاووڵاتیی كورد و برینداربوونی ١٥٤١ هاووڵاتیی دیكە پشتڕاست كراوەتەوە".

تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستانیش دەڵێت "كوژرانی لانیكەم ٣٠ هاووڵاتی كە پێنجیان منداڵن و برینداربوونی ٨٢٥ هاووڵاتیی دیكەی كورد پشتڕاست كراوەتەوە".

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا كە ڕۆژی شەممە ٨-١٠-٢٠٢٢ بڵاوی كردووەتەوە، گیانلەدەستدانی لایەنی كەم "١٨٥" كەس كە "١٩"یان منداڵن.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ئەو كەسانەی كە گیانیان لەدەست داوە بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاكاندا دابەش بوون: سیستان و بلوچستان: ٩٠ كەس، مازەندەران: ٢٧ كەس، گیلان: ١٢ كەس، ئازەربایجانی غەربی (ورمێ‌): ١٢ كەس، كوردستان (سنە): هەشت كەس، تاران: هەشت كەس، كرماشان: حەوت كەس، ئەلبورز: پێنج كەس، خۆراسانی ڕەزەوی: سێ‌ كەس، هەریەكە لە ئیسفەهان و كێهگیلویە و بویرئەحمەد و ئازەربایجانی شەرقی: دوو كەس، هەریەكە لە ئیلام و بوشەهر و سمنان: یەك كەس.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو باسی لەوە كردووە كە لە دوایین سێ‌ ڕۆژی خۆپیشاندانەكاندا "بەلای كەمەوە پێنج هاووڵاتی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت و دوو هاووڵاتیی دیكەش لەژێر ئەشكەنجەدا گیان لەدەست داوە، زیاتر لە ٤٠٠ كەسیش بریندار بوون".

لە سێ‌ ڕۆژەدا خۆپیشاندان لە شارەكانی "سەلاسی باباجانی، سنە، دێولان، سەقز، مەریوان، دیواندەرە، بۆكان، مهاباد، كرماشان و جوانڕۆ بەڕێوە چووە و هێزە ئەمنییەكان بە توندی ڕووبەڕووی خەڵك بوونەتەوە".

تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستانیش دەڵێت "سەرەڕای بارودۆخی قورسی ئەمنی و سەربازی، تا ئێستایش ئەم ناڕەزایەتییانە بە شێوەیەكی بەربڵاو لە هەندێ شاری وەك سنە، سەقز، دێولان، دیواندەرە، كرماشان، مەریوان، مەهاباد، بۆكان، كامێران، جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی و قوروەدا درێژەی هەیە".

بەپیی ئامارەكانی هەنگاو، كوژراو و بریندارەكان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاكاندا دابەش بوون: پارێزگای كوردستان (سنە) ١٠ كەس گیانیان لەدەست داوە و ٨٩٠ بریندار بوون، پارێزگای ئازربایجانی غەربی (ورمێ‌) ١٠ كەس گیانیان لەدەست داوە و ٤٥٤ كەس بریندار بوون، پارێزگای كرماشان حەوت كەس گیانیان لەدەست داوە و ١٤٠ كەس بریندار بوون، پارێزگای ئیلام یەك كەس گیانی لەدەست داوە و ٤٠ كەس بریندار بوون.