سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ: دوو ڕۆژنامەنووسەكە وتيان پێشتر ئاگادار نەكراون كە سكاڵایان لەسەرە و لەناكاو دەستگیر كراون

11-10-2022 07:14

پەرەگراف

سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی هەردوو ڕۆژنامەنووس سەرتیپ وەیسی كەریم و ئیبراهیم سەعید، سەردانی ئاسایشی سلێمانیی كرد و چاوی بەو ڕۆژنامەنووسانە كەوتووە. مونا یاقو ڕایگەیاند كە ئەو ڕۆژنامەنووسانە وتوویانە پێشتر ئاگادار نەكراونەتەوە لەوەی سكاڵایان لەسەرە و بە شێوەیەكی لەناكاو دەستگیر كراون، بەڵام ئێستا "تەندروستییان زۆر باشە و مامەڵەش لەگەڵیان زۆر ئاساییە".

مونا یاقو، سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا كە پەیامنێری پەرەگراف ئامادەی بوو، وتیشی "ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە بەهۆی بوونی فەرمانی دەستگیركردنیان، لە كاتی گەڕانەوەیان بۆ هەولێر لەناو ئۆتۆمبێلەكەی خۆیاندا بەبێ‌ هیچ توندووتیژییەك دەستگیر كراون و خراونەتە ئۆتۆمبێلێكی دژەتیرۆرەوە، شەو لای دژەتیرۆر ماونەتەوە و كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی دوێنێ‌ ڕادەستی ئاسایشی سلێمانی كراون".

مونا یاقو ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو ڕۆژنامەنووسانە بە تۆمەتی ناوزڕاندن و بە ماددەی دووی یاسای خراپ بەكاورهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن دەستگیر كراون، بەڵام جەختی كردەوە كە پێویستە ڕۆژنامەنووسان بە یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەنووسی مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، چونكە ئەو یاسایەش باسی تەشهیر و ناوزڕاندنی كردووە.

سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ سەبارەت بە ڕێگری لێ‌ كردنیان لە كاتی چوونیان بۆ سەردانی زیندانیكراوان لە چاكسازیی گەورانی هەولێر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی چاكسازییەكەوە لە ماوەی ڕابردوودا، بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی "بەپێی یاسا بۆمان هەیە هەر كاتێك كە بمانەوێت بچینە هەر چاكسازییەك. وەزیری ناوخۆ بەڵێنی داوە بەدواداچوون بۆ ئەو كەیسە بكات و سەرۆكایەتیی پەرلەمانیش لیژنەی لێكۆڵینەوەیان بۆ پێكهێناوە، ئێمەش سوورین لەسەر ئەوەی كە ناكرێت ئیهانەی دەستە بكرێت و دەبێت دەرگای چاكسازییەكان كراوە بێت بۆمان".