نەوەی نوێ لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی سکاڵای تۆمار کرد

12-10-2022 11:35
ساتی دەنگدانی پەرلەمانتاران بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و ناڕەزایی سێ پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ. ٩-١٠-٢٠٢٢. وێنە؛ ماڵپەڕی پەرلەمان

پەرەگراف

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی سکاڵای یاسایی تۆمار کرد.

ڕێبوار ئەورەحمان پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە بەغداد بە پەرەگرافی وت "لەسەر دريژکردنەوەی خولی پەرلەمانی کوردستان فراکسیۆنی نەوەی نوێ داوای یاسایی لەسەر سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و حکومەت تۆمار کرد لە دادگای فیدراڵی عێراق".

٩ی ئەم مانگە بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان و پێکهاتەکان درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک پەسەند کرا.

نەوەی نوێ لە کۆبوونەوەی درێژکردنەوی پەرلەماندا ناڕەزایی پیشاندا بە تەپڵ و فیکە لێدان و دژی درێژکردنەوەکە وەستایەوە، فراکسیۆنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد.

لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کۆک بوون لەسەر ئەو داوایەی کە پەرلەمان کارەکانی هەڵپەسێرێت و حکومەت ببێتە کاربەڕێکەر تاوەکو بە زووترین کات هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام پارتی و یەکێتی و گۆڕان گوێیان بەو داوایە نەداو ئەو پێشنیازە تەنها سێ دەنگی بەدەستهێنا کە دەنگی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بوو.

لە 30 ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە.

ئێستا پەرلەمان لە خولی پێنجەمی تەمەنیدایەو ئەگەر هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیاندا بکرانایە دەبوو لە هەشتەمین خولیدا بوایە، پەرلەمان نزیکەی نیوەی تەمەنی بە درێژکردنەوەی بەسەر بردووە.