ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوا لە حکومەت دەکات بەپەلە چارەسەری دابینکردنی پێشینەی پڕۆژەکان بکات

12-10-2022 01:36

پەرەگراف

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات بەپەلە چارەسەری دابینکردنی پێشینەی پڕۆژەکان بکات، بەتایبەت پڕۆژەکانی ڕێگاوبان کە ئەگەر چارەسەر نەکرێن "قوربانیی گەورەیان لێدەکەوێتەوە".

ئەنجومەنەکە ئەمڕۆ تەواوکردنی پڕۆژەی دوو سایدی سلێمانی- کەلاری تاوتوێ کرد کە بەهۆی نەبوونی پێشینەوە کارەکانی بە سستی دەڕوات و داوای لە حکومەتی هەرێم کرد لانیکەم مانگانە ٤ ملیار دینار تەرخان بکرێت بۆ تەواوکردنی ئەو ڕێگایە.

سەرەتای ئەم مانگە لەسەر ئەو ڕێگایە کە بە "ڕێگای مەرگ" ناسراوە، لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا ٥ پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا.

ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆی سلێمانی پێویستە خەرجیی پڕۆژەکان لەسەر داهاتی سلێمانی لاببرێن و بخرێنەسەر داهاتی نەوت یاخود خەرجی سیادیی ئەنجومەنی وەزیران".

سەرۆکی ئەنجومەن ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی نەبوونی پارەوە بەشێک لە پڕۆژەکانی سلێمانی ڕاگیراون و بەشیکی دیکەیان بە سستی کاریان تێدا دەکرێت.