دوو سیناریۆ لە ئارادان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار؛ دەوڵەتی یاسا: پارتی ڕێبەر ئەحمەد دەکێشێتەوە بۆ لەتیف ڕەشید

12-10-2022 02:51

پەرەگراف

هەوڵەکانی پارتی و یەکێتی بەردەوامن بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی دەڵێت: پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکی پارتی دەکەن بۆ کشانەوەی کاندیدەکەیان و پشتیوانیکردن لە لەتیف ڕەشید.

دوو سەرچاوەی ئاگادار لە پارتی و یەکێتی بۆ پەرەگراف ئەوەیان ئاشکرا کرد، هێشتا ئەو دوو حیزبە نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی، بەڵام گفتوگۆی نێوانیان بەردەوامەو لایەنە شیعەکان فشار دەکەن تا کورد بە یەک کاندیدی هاوبەشەوە بچێتە کۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمانی عێراق و پڕۆسەکە بە ئاسانیی تێپەڕێت.

سەرچاوەکەی پارتی وتی "دوو سیناریۆ لە ئارادان، ئەوانیش؛ ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش کە بەرهەم ساڵح نەبێت، یاخود کۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمانی عێراق ئەنجام نادرێت و دوادەخرێت، چونکە پارتی بڕیاریداوە ناچێتە کێبڕکێوەو دەبێت ئەو پۆستە بە ڕێککەوتن یەکلایی بکرێتەوە".

هاوکات هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەکی پارتی دەکەن بۆ چارەسەری قەیرانی سیاسی بە کشانەوەی کاندیدەکەیان و پشتیوانیکردن لە لەتیف ڕەشید وەک کاندیدی تەوافوقی ناو ماڵی کورد.

دەوڵەتی یاسا دەشڵێت "ئەو دەستپێشخەرییە زۆر بەرز دەنرخێنین، کە گوزارشت لە ئەولەویەتی بەرژەوەندی گشتی دەکات بەسەر بەرژەوەندییە حزبییەکان بە مەبەستی بەدەستهێنانی کۆدەنگی نیشتمانی خوازراو بۆ تەواوکردنی ڕێکارە دەستوورییەکان، لە پێش هەموویانەوە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە دانیشتنی پەرلەمان کە بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە بەڕێوەبچێت و پشتگیری تەواوی خۆمان بۆ ئەم هەنگاوە دووپات دەکەینەوە و داوا لە هەموو لایەک دەکەین مامەڵەی لەگەڵ بکەن بەو پێیەی تاکە ڕێگایە بۆ کۆتایی هێنان بە دۆخەکە".

پاش ئەو بەیاننامەیەی دەوڵەتی یاسا، د. سۆران جەمال تاهیر، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند "بۆ ھەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە کە کاندیدی ڕەسمی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار د. بەرھەم ساڵحە".

سەرۆککۆمار پشکی کوردەو هەتا ئەو پۆستە یەكلایی نەكرێتەوە، كاندیدی سەرۆكوەزیران ڕاناسپێردرێ و هەنگاوەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ دەست پێ ناكەن.