پارتی: لە پێناو سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆمار بڕیارماندا به‌كشاندنەوه‌ی رێبه‌ر ئه‌حمه‌د

13-10-2022 11:27

پەرەگراف

مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاند، لەپێناو سه‌ركه‌وتنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆمار و دامه‌زراندنی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی فیدراڵ بڕیاریاندا به‌كشاندنەوه‌ی رێبه‌ر ئه‌حمه‌د له‌ كاندیدی سه‌رۆككۆمار.

پارتی بڕیاریداوە بەشداربێت لە کۆبوونەوەی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و دەنگ بە لەتیف ڕەشید بدات.

مەکتەبی سیاسی پارتی دەشڵێت، ئه‌و هه‌وڵه‌ی ده‌درا بۆ سه‌پاندنی ئیڕاده‌و ره‌چاونه‌كردنی كۆده‌نگی کورد "سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو".

ھاوکات ڕێبەر ئەحمەد لە تویتێکدا ڕایگەیاند، لەپێناو تەوافوقی نیشتیمانی و بەرژەوەندی گەل و وڵات لە كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆككۆمار كشاوەتەوە.

راگه‌یاندراوێک لە مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە

دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوو، هه‌وڵه‌كانمان به‌ڕوون و ئاشكرایی بۆ رزگاركردنی پڕۆسه‌ی سیاسی عێراق له‌چه‌قبه‌ستوویی به‌گه‌ڕخست و، بەبێ جیاوازی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كانی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق له‌ گفتوگۆدابووین و، پابەندی و رێزیشمان بۆ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی هه‌رسێ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی عێراق هه‌بوو له‌ ده‌ستنیشانكردنی نوێنه‌ریان بۆ ئه‌و پۆسته‌سیادیه‌ی بۆ هه‌ر لایه‌ك دیاریكراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق كه‌ پشكی كورده،‌ رای خۆمان به‌ڕاشكاوی راگه‌یاندوه‌ كه‌ به‌پێویستیده‌زانین كۆده‌نگی گه‌لی كوردی له‌سه‌ربێت چونكه‌ نوێنه‌ری كورده‌ لە عێراقی فیدراڵدا، به‌داخه‌وه‌ هه‌وڵدرا ئه‌م بابه‌تە پشتگوێ بخرێ و به‌ده‌ستتێوه‌ردان و سه‌پاندنی ئیڕاده‌ و له‌ده‌ره‌وه‌ی كۆده‌نگی ئه‌م مافه‌ی گه‌لی كورد پێشێل بكه‌ن، بۆیە پارتیمان هه‌ڤاڵ (رێبه‌ر ئه‌حمه‌د)ی كاندیدکرد بۆئه‌و پۆسته‌، ئێستاش کە ئه‌و هه‌وڵه‌ی ده‌درا بۆ سه‌پاندنی ئیڕاده‌ و ره‌چاونه‌كردنی كۆده‌نگی کورد كه‌ ئێمه‌ له‌ پارتی دیموکراتی کوردستان وه‌كوپڕه‌نسیپ به‌گرنگمان زانیوە، سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو و، هه‌روه‌ها له‌پێناو سه‌ركه‌وتنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار و دامه‌زراندنی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی فیدراڵ بڕیارماندا به‌كشاندنەوه‌ی هه‌ڤاڵ رێبه‌ر ئه‌حمه‌د له‌ كاندیدی سه‌رۆك كۆمار، هیوادارین كۆبونه‌وه‌ی ئەنجوومەنینوێنەران كه‌ بۆ مه‌به‌ستی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار ده‌به‌سترێ سه‌ركه‌وتوو بێت.