شەش تووشبووی كۆرۆنا لە هەولێر چاكبوونەوە

03-04-2020 11:45


پەرەگراف

تەندروستی هەولێر ڕایگەیاند: شەش نەخۆشی تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی بەتەواوی چاكبوونەوە و باری تەندروستییان تەواو جێگیر بووەتەوە‌و پشكنینی تایبەتی یەك لەدوای یەكیان بۆ كرایەوە كە نێگەتیڤ بوون، بڕیاردرا بنێردرێنەوە ماڵەوە.

بەوەش كۆی گشتی چاكبووەوەكان لە هەولێر گەیشتە ١٧ كەس لە كۆی 76 چاكبووەوە لە سەرتاسەری هەرێم كە شەشیان ئەمڕۆ لە دهۆك ڕاگەیەندرا كە چاكبوونەتەوە.

هەرئەمشەو تووشبوونی چوار كەسی دیكە لە سلێمانی هەڵەبجە بە كۆرۆنا ڕاگەیەندرا.

د.سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند: سێ كەس لە پارێزگای هەڵەبجە، یەك كەس لە پارێزگای سلێمانی تووشی ڤایرۆسەكە بوون.

كۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێم گەیشتە 212 كەس، لەنێویاندا 2 حاڵەتی مردن هەیە.

ئەو 2 حاڵەتەی گیانیان لەدەستداوە، هەردووكیان لە سلێمانی بووە؛ یەكەمیان مامۆستایەكی ئاینیی بوو كە نەخۆشیی درێژخایەنی هەبوو، دووەمیش نەخۆشیی شێرپەنجەی هەبوو، هەردووكیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، هەرچەندە تووشبووی ڤایرۆسەكە بوون، بەڵام بەهۆی كۆرۆناوە نەمردوون.