بافڵ تاڵەبانی: لەتیف ڕەشید یەکێتییەو کاندیدەکانی پارتیمان شکاند

13-10-2022 06:57
پێشوازیی بافڵ تاڵەبانی لە لەتیف ڕەشید دوای بوونی بە سەرۆککۆمار

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی پێشوازیی لە لەتیف ڕەشید کردو ڕایگەیاند: کاک لەتیف بەشێکە لە یەکێتی و بەیەکەوە ڕێبازی مام جەلال دەپارێزن.

"کاندیدی پارتی کاک ھۆشیارو ڕێبەر بوون کە شکاندمانن" سەرۆکی یەکێتی وای وت.

لەتیف ڕەشید گەڕی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری بردەوەو دەچێتە کۆشکی سەلام لە شوێنی بەرھەم ساڵحی ڕکابەری دادەنیشێت.

لە گەڕی دووەمدا لەتیف ڕەشید ١٦٢ دەنگ وبەرھەم ساڵح ٩٩ دەنگی بەدەستھێناو پۆستەکە بۆ لەتیف ڕەشید یەکلایی بوەوە.

یەکێتی بە فەرمی و ئاشکرا پشتیوانیی لەبەرھەم ساڵح دەکردو وەک تاکە کاندیدی خۆیناوی دەھێنا، پارتی پشتیوانیی لەتیف ڕەشید کردو لەوپێناوەدا کاندیدەکەی خۆی بۆ ئەوکشاندەوەو ڕێککەوتنی لەگەڵ لایەنە شیعەو سوننەکانیش کردبوو دەنگی پێبدەن.

دەقی پەیامی بافڵ تاڵەبانی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

دواجار لە پرۆسەی سیاسیی عیراق، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حزبەکەی خۆتان سەرکەوتنی بەدەستھێنا و سەرباری ھەموو پیلان ومەرامەکان نەتوانرا ئیرادەی تێکبشکێنرێت و سوربووە لەسەر ھەڵوێست و بڕیاری نیشتمانیی خۆی.

بەدەستھێنانی متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و ھەڵبژاردنی بەڕێز د.لەتیف رەشید، سیاسەتمەدار و تێکۆشەری یەکێتی وەک سەرۆککۆماری عیراقی فیدڕاڵ، سەرکەوتنی ئیرادەی گەل، پرۆسەی دیموکراسی و یەکێتی بوو. وێڕای پیرۆزبایی گەرمم لە بەڕێزیان، دڵنیامپشتبەستوو بە ڕابردوو، رۆڵی لە پرسە سیاسی و نیشتمانییەکان و بەشداری لە حوکمڕانی و کاری رێکخراوەیی، لەم ئەرکە نوێ و چارەنووسسازەدا لە راپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانی و دەستوورییەکان سەرکەوتوو دەبێت.

لێرەوە بۆ ھەموولایەکی رووندەکەینەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک ھەمیشە پارێزەری مافی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانی وڵات دەبێت. لە سەنگەری پێشەوەی داکۆکی و بەرگری دەبین بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و پارێزگاریکردن لە مافە دەستوورییەکانی گەلەکەمان. لە هەوڵەکانمان بۆ پتەوکردنی تەبایی و یەکڕیزیی نێوان لایەنەکان بەردەوام دەبین لەپێناو بەهێزترکردنی پێگەی هەرێم وخزمەتکردنی خەڵکە خۆشەویستەکەمان.

دواجار گەلی کورد و عیراق لەم پرۆسە گرنگ و چارەنووسسازەدا سەرکەوت. بەھەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەکانمانەوە ھەر بۆچوونێکمان ھەبووبێت، یەک ئەرکمان لەسەر شانە ئەویش پاراستنی یەکڕیزیی نێوماڵی کورد و یەک گوتاریمانە لە ناوەند.

دەمەوێت لە کۆتاییدا سوپاسی تیمی یەکێتی و سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکەم کە لەماوەی رابردوودا پاڵپشت وهاوکارمان بوون. هەروەها سوپاس بۆ هاوبەشەکانمان لە هەرێمی کوردستان و عیراق.

ھەر شاد و سەرفرازبن

دڵسۆزتان

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢