دوو ڕۆژنامەنووسە دەستبەسەر کراوەکە لە سلێمانی ئازاد کران

15-10-2022 09:14
دوای ئازادکردنیان ئیبراھیم عەلی و پارێزەرەکەیان قسەیان بۆ میدیاکان کرد. وێنە؛ ھەردی عوسمان- پەرەگراف

پەرەگراف- ھەردی عوسمان 

دوای شەش ڕۆژ مانەوەیان لە زیندانی ئاسایشی سلێمانی، دوو ڕۆژنامەنووسەکەی ماڵپەڕی بوار نیوز ئێوارەی ئەمڕۆ بە کەفالەت ئازاد کران.

سەرتیپ وەیسی و ئیبراهیم سەعید رۆژنامەنووسانی ماڵپەری بوار نیوز، ١٠ی ئەم مانگە لەکاتی گەڕانەوەیاندا لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر لەنزیک کۆیە لەلایەن هێزێکی دژەتیرۆری یەکێتییەوە دەستگیر کران و ڕادەستی ئاسایشی سلێمانی کران.

ئازادکردنیان دوای دەستتێوەردانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ھات، ئەوەش دوای ئەوەی لەماوەی چەند ڕۆژی دەستبەسەرکردنی ئەودوو ڕۆژنامەنووسەدا یەکێتی ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووندی ڕۆژنامەنووس و چالاکان بوەوە.

ئیبراھیم عەلی دوای ئازادکردنیان قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کردو سوپاسی ئەوانەی کرد کە بەرگرییان لە دۆسیەکانیان کردوەو ھەوڵیانداوە بۆ ئازادکردنیان.