ئێران هۆشداریی دەداتە هەرێمی کوردستان و دەڵێت: ئۆپەراسیۆنەکانمان بەپێی پێویست بەردەوام دەبێت

16-10-2022 03:18

پەرەگراف

سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران  هۆشداریی دەدات کە هەبوونی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان قبووڵ ناکەن و داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات کە چەکیان بکات یاخود دەریان بکات.

محەمەد باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، "بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین سێ هەزار چەکدار لەو دیوی سنوورەکانی ئێرانەوە کارگەی بەرهەمهێنانی بۆمبیان هەبێت".

"ئۆپەراسیۆن دژی ئەوان درێژە پێدەدەین، تەنانەت ئۆپەراسیۆنی گەورەتریش" باقری وادەڵێت، دەشڵێت، بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیان گوتووە دوو رێگە هەن، "یان ئەوەیە بکرێنە هێزێکی مەدەنی و چەک بکرێن، یان هەرێمی کوردستان دەریان بکات."

ئەو هۆشداریی و هەڕەشانە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ناوخۆی ئێران کە لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی بە فراوانی سەریان هەڵدا.

ئێران، حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم تۆمەتبار دەکات بە دەستهەبوون لە خۆپیشاندان و گرژییەکانی ناوخۆی وڵاتەکەی.

سوپای پاسدارانی ئێران لە 28-09-2022 بنکە و بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیان لە زڕگوێزی سلێمانی و کۆیەو نزیک کەرکوک بۆردومان کردو بە هۆیەوە 17 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 کەسیش بریندار بوون.

دوێنێ شاندێکی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە تاران لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەو بەرپرسانی ئێران کۆبوونەوە.

بەپێی میدیاکانی ئێران، لە کۆبوونەوەکەدا "بەرەنگاربوونەوە"ی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم تاوتوێ کراوەو قاسم ئەعرەجی دڵنیایی داوەتە لایەنی ئێرانی، کە "حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەنگاری هەر هەوڵێک دەبنەوە کەوا ئاسایشی ئێران بخاتە مەترسییەوە."