وەرگرتنی پارەی کارەبا لە بەردەم ماڵاندا لە سلێمانی دەستی پێکرد

16-10-2022 05:52

پەرەگراف

لە سلێمانی وەرگرتنی پارەی کارەبا ڕاستەوخۆ لە بەردەم ماڵاندا دەستی پێکرد و بڕی پارەی کارەبای بەکارهاتووی مانگانە وەردەگیرێت، وەرگرتنی پارەی قەرزی کارەبا ڕاگیراوە.

کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە ناو شار پڕۆسەی وەرگرتنی پارەی کارەبا لەلایەن ژمێرکارەکان ڕاستەوخۆ لەبەردەم ماڵی هاوبەشان دەستیپێکرد و تەنیا بڕی پارەی کارەبای بەکارهاتوو وەردەگیرێت بۆ ئەو ماوەیەی کە لە پسولەکەدا دیاریکراوە و بڕی قەرزیش کە لایهاوبەشانی کارەبا ماوەتەوەو نەدراوە لە ئیستادا ڕادەگیرێت.

کارەبای سلێمانی داوا لەهاوڵاتییان دەکات "هاوكارێكی باشی ئەم پرۆسەیەبن كە هەم بەسوودی گشتی و كەسیی ئەو هاوبەشانە تەواودەبێت، هاوڵاتیانیش بەشێك لەئەركەكانیان كەم دەبێتەوەو پێوست ناكات بۆ پارەدان سەردانى فەرمانگە و بنكەكانى وەرگرتنى پارەى كارەبا بكەن، بەڵكو راستەوخۆ لەبەردەم ماڵاندا ئەو كارە ئەنجام دەدرێت".

وەرگرتنی پارەی کارەبا لەبەردەم ماڵاندا، بە بڕیاری حكومەتی هەرێم و وەزارەتی كارەبا جێبەجێ‌ دەكرێت، کارەبای سلێمانی دەڵێت: ئەوەش بەھۆی كەمبوونەوەی پارەی نەختینەی داھاتی ناوخۆی سلێمانی کە بۆ پێدانی مووچە و دابینكردنی خزمەتگوزارییە پێویستییەكان لە نەخۆشخانەكان و ئاو وكارەبا و ڕێگاوبان بەکاردێت.

لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە ساڵی 2014 و ڕاگەیاندنی سیستمی پاشەكەوتی مووچە لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە، كە ڕێژەیەكی زۆر لە مووچەی مووچەخۆران بڕدرا و چەندین مانگیش هیچ مووچەیەكیان پێ‌ نەدرا، هاووڵاتیانش ئامادە نەبوون پارەی خزمەتگوزارییەكان وەكوو ئاو و كارەبا بدەن، ئەمەش بووەتە هۆی كەڵەكەبوونی قەرزێكی زۆری حكوومەت لای خەڵك.

لەم كابینەیەی حكوومەتی هەرێمدا، چەند جارێك وەزارەتی كارەبا داشكانی لەسەدا 15ی بۆ قەرزی كارەبا ڕاگەیاند بۆ دانەوەی قەرزەكان، ئەمەش وای كرد بەشێك لە هاووڵاتیان قەرزەكانیان بدەنەوە، بەڵام هێشتا بەشێكی زۆری ئەو قەرزانە ماوە.

چەند جارێك لەلایەن پەرلەمانتارانەوە هەوڵ دراوە بابەتی ئەو قەرزەی مووچەخۆران كە لای حكوومەتە، بە یاسا ڕێك بخرێتەوە، بە جۆرێك كە هاووڵاتیان بتوانن قەرزی خزمەتگوزارییەكان لەو قەرزی مووچەیە بدەنەوە كە لای حكوومەتە، بەڵام شكستی هێناوە و حكوومەت ڕەتیكردووەتەوە.