کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە ھەرێم: نیگەرانین لە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسان بەبێ هۆ و بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە

17-10-2022 05:21

پەرەگراف

کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نیگەرانن لە دەستگیرکردن و ڕاگرتنی ڕۆژنامەنوسان بە تۆمەتێک کە پەیوەستە بەکاری ڕۆژنامەنوسییانەوە.

ئێرڤن هیکس، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر، لە لێدوانێکی نووسراودا کە بۆ پەرەگراف نێرادراوە دەڵێت: برەودان بە دیموکراسی ومافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕاگەیاندن لە کارە هەرە لە پێشەکانی کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا.

"ئەو کارە لە پێشانە بە شێوەیەکی کاریگەر بە دیدێن لە ڕێی کاردکردنەوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە حکومەت و کۆمەڵگای مەدەنی و ئەو پێکهاتانەی بەپێی پێویست نوێنەرایەتی نەکراون و ڕێکخراوە دینیەکان و هەروەها دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ هاندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دڵنیابوون لەوەی کە بنەما و بەها دیموکراسیەکان بناغەن بۆ میدیای ئازاد و ئازادی کۆبونەوەی ئاشتیانەو ڕێگرتن لە توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری و دەرفەتی یەکسان بۆئەو کۆمەڵگایانەی کە بەپێی پێویست نوێنەرایەتی نەکراون و لێپرسینەوە لەوانەی لە توندوتیژی دژی ژنان تێوەگلاون" ئێرڤن هیکس وادەڵێت. 

دەشڵێت "کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا نیگەرانە لە دەستگیرکردن و ڕاگرتنی ڕۆژنامەنوسان بەتۆمەتێک کەپەیوەستە بەکاری ڕۆژنامەنوسیانەوە. نیگەرانیەکانمان سەبارەت بەو هەواڵانەشە کە باس لە  دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسان بەبێ هۆ و بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانەو هەروەها پەلاماردان و هەڕەشە و یانیش پشکنینی ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانیان بە بێ هەبوونی فەرمان دەکەن".

نیگەرانییەکانی ئەمەریکا لەکاتێکدان دۆخی ڕۆژنامەنووسی لە ھەرێمی کوردستان لە خراپیدایەو ڕۆژنامەنووسان نیگەرانن لە پاشەکەشەی ئازادی و مافەکانیان، دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان و کارنەکردن بە یاسای ڕۆژنامەگەریی و یاسای دەسکەوتنی مافی زانیاریی بەشێکن لە نیگەرانییە بەردەوامەکان.

کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێم، ئەوەش دەخاتەڕوو "بەهەمان ڕادە نیگەرانی ئەوەشین کە  هەندێک  ڕۆژنامەنوس و کەناڵی ڕاگەیاندنی دیاریکراو، بەتایبەتیش ژنان و ئەوانەی سەر بەو کۆمەڵگایانەن کە بەپێی پێویست نوێنەرایەتی نەکراون، رێگەیان پێنادریت بەشداری کۆنگرەی ڕۆژنامەنوسی ڕەسمی بکەن و یانیش زانیاری یاسایی دژیەکیان پێدەدرێت کە ئاستەنگ دەخاتە بەردەم پرۆسەی خۆ تۆمارکردنیان" .

ئێرڤن هیکس دەشڵێت "چاوەڕوانیمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی یاسای بەدەستهێانی زانیاریە بۆ هاندانی بەرپرسیارێتی و بەهێزکردنی توانای ڕۆژنامەنوسان بۆ بەدەستهێانی زانیاری لە وەزارەتەکانەوە".