حەسەن ڕەحمان پەنا: مەعقول نییە حکومەتی هەرێم گوێ بۆ ئێران شل بکات و ئێمەش لایەنێک نین تەسلیم ببین

17-10-2022 09:21
حەسەن ڕەحمان پەنا - محەمەد باقری

پەرەگراف- ھەردی عوسمان

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، وەڵامی هۆشداریی و تۆمەتەکانی ئێران دەداتەوەو داوادەکات حکومەتی هەرێم گوێ بۆ ئەو وڵاتە شل نەکات.

لەبارەی هۆشدارییەکانی ئێران کە داوادەکات حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێم چەک بکرێن یان دەربکرێن، حەسەن ڕەحمان پەنا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە پەرەگرافی وت، ئەو قسانە نوێ نین و دوو ئامانجیان لەپشتەوەیە.

ڕەحمان پەنا وتیشی "ئامانجیکیان ئەوەیە ئێران دەیەوێت ڕایگشتی چەواشە بکات و بڵێت خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە دەستی دەرەکییەو هەڵقوڵاوی شەقام و دەسەڵاتی سەرکوتکەرانەی ئێران نین، ئامانجی دووەمیشیان دژایەتی حکومەتی عێراق و هەرێمەو شتێک بەناوی سەروەریی ئەوان ناناسن".

ڕەحمان پەنا ئەو تۆمەتەشی ڕەتکردەوە کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێم خەریکی دروستکردنی بۆمب بن و وتی "چەکمان بۆ ئەمنییەت وپاراستنی خۆمان پێیەو خەباتی چەکداری مێژوویەکی درێژی هەیەو بەردەوام دەبێت، نە حکومەتی هەرێم مەعقولە گوێ بۆ ئێران شل بکات و نە ئێمەش لایەنێکین تەسلیمی ئەوە ببین".

ئەو وتانەی ڕەحمان پەنا دوای ئەوەدێت، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران  هۆشدارییدا کە هەبوونی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان قبووڵ ناکەن و داوای لە حکومەتی هەرێم کرد کە چەکیان بکات یاخود دەریان بکات.

محەمەد باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، وتی "بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین سێ هەزار چەکدار لەو دیوی سنوورەکانی ئێرانەوە کارگەی بەرهەمهێنانی بۆمبیان هەبێت".

"ئۆپەراسیۆن دژی ئەوان درێژە پێدەدەین، تەنانەت ئۆپەراسیۆنی گەورەتریش" باقری وای وت، وتیشی، بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیان گوتووە دوو رێگە هەن، "یان ئەوەیە بکرێنە هێزێکی مەدەنی و چەک بکرێن، یان هەرێمی کوردستان دەریان بکات."

ئەو هۆشداریی و هەڕەشانە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ناوخۆی ئێران کە لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی بەفراوانی سەریان هەڵدا.

ئێران، حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم تۆمەتبار دەکات بە دەستهەبوون لە خۆپیشاندان و گرژییەکانی ناوخۆی وڵاتەکەی.

سوپای پاسدارانی ئێران لە 28-09-2022 بنکە و بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیان لە زڕگوێزی سلێمانی و کۆیەو نزیک کەرکوک بۆردومان کردو بە هۆیەوە 17 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 کەسیش بریندار بوون.