سێیەم دانیشتنی دادگا لەسەر داوا یاساییەکانی پەرەگراف لەدژی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت بەڕێوەچوو

18-10-2022 08:39

پەرەگراف

سێیەم دانیشتنی دادبینی دوو داوا یاساییەکەی سەرنووسەری پەرەگراف کە لەسەر سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت تۆماری کردووە لە دادگای ھەولێر بەڕێوەچوو.

لە دانیشتنەکاندا سورکێو محەمەد سەرنووسەری پەرەگراف و کارزان فازڵ سەرۆکی ڕێکخراوی پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ(DHRD) کە پارێزەری پەرەگرافە لەم دۆسیەیەدا لەگەڵ پارێزەرانی ھەریەکە لە نێچرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی ئامادەبوون و دادگا وتەکانیانی وەرگرت.

پاشان دادوەر بڕیاریدا بە دواخستنی ھەردوو دانیشتنەکە بۆ ١٦-١١-٢٠٢٢ لە پێناو دیراسەکردنی داواکان و وەڵامدانەوەی ناوەڕۆکی داواکان لە لایەن داوالەسەرکراوان.

پەرەگراف داوای یاسایی لەسەر ھەرسێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێم تۆمارکردووە بەھۆی پێنەدانی زانیاریی لەبارەی بودجەو خەرجییەکانیان بەپێی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی.

لەسەر داوای پارێزەرەکانیان داواکانی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت لە سلێمانییەوە گوازرانەوە بۆ ھەولێرو داواکەی سەرۆکی پەرلەمان لە دادگای سلێمانی ماوەتەوەو ٢٠-١٠-٢٠٢٢ وادەی سێیەم دانیشتنی دادبینییەتی.