دامەزراوەیەکی ئەمەریکی پەردە لەسەر 'گەندەڵی و قۆرغکارییەکانی ماڵی بارزانی و تاڵەبانی' لە سێکتەری ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان لادەبات

19-10-2022 06:22

پەرەگراف

دامەزراوەی فریدەم هاوسی ئەمەریکی دەڵێت، سێکتەری ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان لە کوردستان لەلایەن هەردوو خێزانی دەسەڵاتدار -بارزانی و تاڵەبانی- بۆ خۆیان و کۆمپانیاکانیان قۆرغکراوەو گەندەڵیی تێدایە.

بەپێی راپۆرتی ساڵانەی دامەزراوە ئەمەریکییەکە لەژێر ناونیشانی "بەرەنگاربوونەوەی دەستبەسەرداگرتنی ئینتەرنێت لەلایەن دەسەڵاتدارە زۆردارەکانەوە"، ئینتەرنێت لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەتەواوی ئازاد نییە. لەکۆی زیاتر لە ٧٠ وڵات کە راپۆرتەکە لێکۆڵینەوەی لەبارەوە کردوون، عێراق لە ریزبەندی ئەو ڵاتانەیە کە ئینتەرنێت تێیدا بەتەواوی ئازاد نییە و تەنیا ٤٢ نمرەی لەکۆی ١٠٠ پێدراوە.

حەکیم داود قەرەداغی، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە دیجیتاڵ میدیا و هەروەها ماستەر لە زانستی وەرگێڕان، کە وەک راوێژکار پێداچوونەوەی بە بەشی کوردستانی ڕاپۆرتەکەی فریدەم هاوس کردووە، بۆ پەرەگراف ئاماژە بەوە دەکات بۆ یەکەمجارە دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی بە فەرمی ڕایبگەیەنێت کە هێڵەکانی هاوردەکردن و دابەشکردنی ئینتەرنێت و تۆڕەکانی مۆبایل لە کوردستان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قۆرغکراون.

راپۆرتی ئەو دامەزراوە ئەمەریکییە  ناحکومییە کە لە بواری دیموکراسی و ئازادیدا کاردەکات و بەشێکی زۆری پاڵپشتییە داراییەکانی لە حکومەتی ئەمەریکا وەردەگرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە کۆرەک تیلیکۆم کە یەکێکە لە سێ گەورەترین کۆمپانیاکانی مۆبایل، خاوەنەکەی ماڵی بارزانین لە رێگەی سیروان بارزانی کە فەرماندەی هێزی پێشمەرگەیە.

جگە لە "خاوەندارێتی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئاسیاسێڵ و کۆرەک تیلیکۆم و هاوردەکردنی ئینتەرنێت لە دەرەرەوە"، حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان هەروەها دابەشکردنی ئینتەرنێتیشیان لەڕێگەی چەندین کۆمپانیای بچووکترەوە قۆرغکردووە.

بەپێی راپۆرتەکە بنەماڵەی بارزانی دەستیان بەسەر هاوردەکردنی ئینتەرنێتی فایبەر ئۆپتیک لە تورکیاوە گرتووە و مۆنۆپۆلیان کردووە. بۆ نموونە راپۆرتەکە ئاشکرایکردووە "کۆمپانیای ئۆ٣ لە هەولێر و دهۆک، کە پەیوەندی نزیکی لەگەڵ ماڵی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە، تاکە کۆمپانیایە کە رێگەی پێدەدرێت ئینتەرنێتی فایبەر ئۆپتیک لە تورکیاوە هاوردە بکات، کە دواتریش دەیداتەوە بە کۆمپانیاکانی وەک نەورۆز و فاستلینک. هەروەها چەندین کۆمپانیاش لە سنووری سلێمانی وەک ئای کیو گرووپ، کوردتێg و فانسی نێت، خاوەنداری دەکرێن یان زۆر نزیکن لە ماڵی تاڵەبانی و یەکێتی نیشیتمانی کوردستان".

یەکێک لە گەندەڵییەکانی دیکە کە لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە "ئەو بەرتیلەیە کە کۆمپانیای ئیریکسن داویەتی بە ماڵی بارزانی بۆ رێگەدان بە فراوانکردنی کارەکانی لە هەرێمی کوردستان". بەپێی راپۆرتەکە "بڕی بەرتیلەکە ١.٢ ملیۆن دۆلار بووە کە دراوە بە ماڵی بارزانی".

فریدەم هاوسی ئەمریکی ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە پارتی و یەکێتی دەیان دەزگای میدیایی گەورەیان دامەزراندووە کە لە ڕێگەیانەوە سیاسەتی خۆیان بڵاودەکەنەوە. هەر ئەو دەزگایانەش، وەک فریدەم هاوس دەڵێت "رێگەیان پێدەدرێ دەستیان بەو زانیاریانە بگاتە کە حیزبەکانی دەسەڵات دەیانەوێ بڵاوی بکەنەوە، بەوەش میدیا ئەهلی و ئۆپۆزسیۆنەکان بێبەش دەکەن لە دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکان".

عێراق و کوردستان بۆ ئازادی ئینتەرنێت لە خوار وڵاتانی وەک بەنگلادش، ئوردن، لوبنان، لیبیا، مەغریب و زیمبابۆ و زامبیاشن. ئازادترین وڵاتانیش ئایسلەندا، ئیستۆنیا، کەنەدا و کۆستاریکا، ئەمریکا و بەریتانیان کە نمرەکانیان لەسەرووی ٧٥ تاوەکو ٩٣یە، بەپێی ڕاپۆرتەکەی فریدەم هاوس.

ئەو ١٠٠ نمرەیەی بۆ ئازادی ئینتەرنێت دانراوە لەسەر سێ بنەمای سەرەکین: یەکەم گرفتەکانی بەردەم دەستگەیشتن بە ئینتەرنێت کە عێراق و کوردستان ١٢ نمرەیان لە ٢٥ وەرگرتووە. بواری دووەم، سنووردانانە بۆ ئازادی بڵاوکردنەوە کە لەمەدا ١٦ لە ٣٥ دانراوە. بواری سێیەمیش پێشێلکارییە بەرامبەر مافەکانی بەکارهێنەری ئینتەرنێت کە خراپترین بوارە و تەنیا ١٤ نمرە لە ٤٠ دانراوە.

حەکیم قەرەداغی دەڵێت، راپۆرتەکەی فریدەم هاوس بەڵگەیەکی گرنگی نێودەوڵەتییە بۆ سەلماندنی گەندەڵی و قۆرغکاری لە بواری هێڵەکانی ئینتەرنێت و تەلەفۆن لە کوردستان کە ئێستا داهاتەکانیان گەیشتووەتە میلیاران دۆلار بۆ خاوەکانیان.