سێیەم دانیشتنی دادگا لەسەر داوا یاساییەکەی پەرەگراف لەدژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو

20-10-2022 12:49

پەرەگراف

سێیەم دانیشتنی دادبینی داوا یاساییەکەی سەرنووسەری پەرەگراف کە لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆماری کردووە لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو.

سورکێو محەمەد سەرنووسەری پەرەگراف و کارزان فازڵ سەرۆکی ڕێکخراوی پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ(DHRD) کە پارێزەری پەرەگرافە لەم دۆسیەیەدا لەگەڵ پارێزەری سەرۆکی پەرلەمان ئامادەی دانیشتنەکەی دادگا بوون.

لە دانیشتنەکەدا پارێزەری پەرەگراف وەڵامێکی نووسراوی ئەو نووسراوەی دایەوە کە لە دانیشتنی پێشوودا پارێزەری سەرۆکی پەرلەمان پێشکەشی دادگای کردو داوای ڕەتکردنەوەی داواکەی کردبوو، پاشان دادوەر بۆ پێشکەشکردنی ڕای داواکاری گشتی لەسەر دۆسیەکە بڕیاریدا بە دواخستنی دانیشتنەکە بۆ ١٠-١١-٢٠٢٢.

پەرەگراف داوای یاسایی لەسەر ھەرسێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێم تۆمارکردووە بەھۆی پێنەدانی زانیاریی لەبارەی بودجەو خەرجییەکانیان بەپێی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی.

لەسەر داوای پارێزەرەکانیان داواکانی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت لە سلێمانییەوە گوازرانەوە بۆ ھەولێرو ١٨ی ئەم مانگە سێیەم دانیشتنی دادبینی ئەو دوو داوایە بەڕێوەچوون و دانیشتنەکان دواخران بۆ ١٦-١١-٢٠٢٢.