دەستەی مافی مرۆڤ داوای ڕوونکردنەوە لە ئاسایشی سلێمانی دەکات و دەڵێت: دەستگیرکردن بەبێ فەرمانی دادوەر مەترسیدارە

20-10-2022 07:09

پەرەگراف

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوای ڕوونکردنەوە لە ئاسایشی سلێمانی دەکات و دەڵێت: دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس و خەڵکی دیکەش بەبێ فەرمانی دادوەر مەترسیدارەو بەتوندی ئیدانەی دەکەین.

دەستەی مافی مرۆڤ بەیاننامەیەکی لەبارەی دیارنەمانی دەرھێنەرو کامێرامانێکی سەنتەری میترۆ بڵاوکردەوە کە دواتر دەرکەوت لەئاسایشی سلێمانین، دەستەکە دەڵێت "ئەم جۆرە ڕەفتارانە مەترسیدارن و تەواو پێچەوانەی بنەماکانی ئازادی تاک و مافەکانی مرۆڤە. بۆیە ئێمە داوای ڕوونکردنەوە لە ئاسایشی سلێمانی دەکەین لەسەر دەستگیرکردنی ئەم دوو بەڕێزە".

"دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس و خەڵکی سیاسی و سڤیل و هی دیکەش، بەبێ فەرمانی دادوەر خەریکە دەبێتە دیاردە، کە ئەمە پێچەوانەی یاسایە، ئێمە لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئەم هەڵسوکەوتە بە مەترسی دەزانین بەتوندی ئیدانە دەکەین".

دەستەکە داوا دەکات یاسا لە هەرێمی کوردستان سەروە بێت و هەموو لایەک پابەندبن بە یاساوە و بەپێی یاسابەرکارەکان مامەڵە لەگەڵ کەیسەکاندا بکرێت.

ئەمڕۆ سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند، دەرهێنەرێک و کامێرامانێکیان لە ئێوارەوە بێسەروشوێنن و دوای پەیوەندیکردن بە ئاسایشی سلیمانییەوە پێیانگوتراوە لای ئاسایشن.

میترۆ لە بەیاننامەیەکدا وتی "بەیانی ئەمرۆ هەردوو خێزانی زانا نەوزاد و زرنگ رەحیم ی دەرهێنەر و كامێرامان لە بەشی پرۆدەكشنی سەنتەری میترۆ، پەیوەندیان پێوەكردین و پێیان راگەیاندین كە هەردووكیان لە ئێوارەوە بێسەروشوێنن و مۆبایلەكانیان داخراوە".

"بەیانی ئەمرۆ پەیوەندیمانكرد بە بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی و ئاگادارمان كرد، پاش بە دواداچوونی بەڕێوەبەری ئاسایش ئاگاداری كردین "هەردووكیان لە ئاسایشی سلێمانین، با وەفدێكی میترۆ سەردانیان بكەن تا هۆكارەكەی بزانن و هەر هەڵە تێگەیشتنێك هەبێت چارەسەر بكرێت" سەنتەری میترۆ.

میترۆ ئەوەش دەخاتەڕوو، وەفدێكیان چووە بەدەم دۆسیەکەوە، پاشان دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ھەردوکیان ئازادکران و ھێشتا ھیچ لایەک ڕوونکردنەوەی لەبارەی دۆسیەکەیانەوە نەداوە.