شاسوار عەبدولواحید: بڕیارماندا بەشداری حکومەتی نوێی عێراق نەکەین و هیچ وەزارەت و پۆستێک وەرناگرین
پەرەگراف
شاسوار عەبدولواحید دوای سەردانی محەمەد شیاع سودانی بۆلای جوڵانەوەکەیان، بڕیاری کۆتایی نەوەی نوێی ڕاگەیاند لەبارەی بەشداریکردنیان لە حکومەتی نوێی عێراق و دەڵێت: بڕیارمان دا بەشداری نەکەین و هیچ وەزارەت و پۆستێک وەرناگرین.
ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق سەردانی ئۆفیسی سەرەکی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکیجوڵانەوەی نەوەی نوێی کرد و داوای بەشداریکردنی نەوەی نوێی کرد لە حکومەتی عێراق.
پاشان سەرۆکی نەوەی نوێ لە پەیامێکدا ڕایگەیاند "سەرەڕای سوپاس و پشتیوانیمان بۆ هەوڵەکان و بەرێزیان و ئەو بەرنامە باشەی کە بۆیباسکردین، پێمان راگەیاند کە دڵخۆشین بە بیستنی ئەم بەرنامە و روئیایە، وە بە دڵنیاییەوە پشتیوانی هەموو کارێکی جوان و باش دەبین، وەئەگەر خوانەکردە خراپیش بوون یان کەموکورتیان هەبوو، ئەوا بێگومان رەخنەگر و چاودێر دەبین بەسەریانەوە".
"بەڵام لە راستیدا بە هۆی وەرگرتنی رایەکی زۆری هاوڵاتییان و دەنگدەرانمان، وە پاش گفتوگۆ لەناوخۆی خۆمان و ناو جوڵانەوەکە وفراکسیۆنەکە، وە بە هۆی ئەوەی لە ئێستادا دڵنیانین لەوەی کە ئایا ئێمە بەم وەزاراتانەوە دەتوانین خزمەتی هاوڵاتییان بکەین یاخود نا! بۆیەبڕیارمان دا کە بەشداری حکومەت نەبین و هیچ وەزارەت و پۆستێک وەرناگرین" شاسوار عەبدولواحید وادەڵێت.
سەرۆکی نەوەی نوێ دەشڵێت "بەڵام لە دڵەوە هیوادارم ئەم کابینەیە خزمەتی خەڵک بکات و داوام لە بەرێزیان کرد کە هەرچۆن بێت خزمەتی خەڵکی عێراق بەگشتی و خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات. وە گوێمان لێ بگرێت کاتێک داواکاری خەڵکی کوردستان دەگەیەنینە لای و هەوڵی چارەسەرکردنی بدات".
محەمەد شیاع سودانی ڕاسپێردراوی چوارچێوەی ھەماھەنگییە بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ و لە سەروبەندی تەواوکردنی پێکھێنانی کابینەکەیدایە.
پشکی کورد چوار وەزارەتە لە کابینەی نوێداو لە نێوان پارتی و یەکێتیدا دابەش دەکرێت و چاوەڕواندەکرێت پارتی سێ وەزارەت و یەکێتی وەزارەتێکی بەربکەوێت.