حكومەتی هەرێم كارەبا دەكات بە كارت و پێشوەختە پارەكەی لە هاووڵاتیان وەردەگرێت

22-10-2022 07:00

پەرەگراف

وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان سیستەمی پریپەید بۆ كارەبا لە هەرێمی كوردستان دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە. بەپێی سیستەمەكە كارەبا دەكرێت بە كارت و پێشوەختە پارەكەی لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت. وەزارەتەكە دەڵێت "سیستەمەكە لە دوو شوێنی دهۆك جێبەجێ‌ كراوە، هاووڵاتیان دڵخۆشن بەم گۆڕانكارییە و چیتر پێویستیان بە موەلیدە نابێت".

پاش جێبەجێكردنی سیستەمی زیرەكی كارەبا، ئێستا حكوومەتی هەرێم هەوڵەكانی بۆ ئەوە دەست پێ‌ كردووە كە سیستەمەكە بكرێتە پریپەید، واتە وەرگرتنی كرێی مانگانەی كارەبا بە شێوەی پێشوەختە بێت، بە جۆرێك كە پێشوەختە بە كارتێك دەفرۆشرێت بە هاووڵاتیان.

وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێم لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك دەڵێت "سیستەمەكە لە سەنتەری بازاڕی دهۆك و لە ئەڤڕۆ سیتی جێبەجێ‌ كراوە و ئەنجامی دانانی ئەو سیستەمە هەم بۆ هاووڵاتییان و هەم بۆ خودی حكومەت ئەرێنی و دڵخۆشكەر بووە".

ئێستا كۆمپانیای جێبەجێكار لە دهۆك بەردەوامە لە "ڕوونكردنەوە و هۆشیاركردنەوە"ی هاوبەشان لەبارەی چۆنیەتی بەكارهێنانی ئەو سیستەمە. وەزارەتەكە دەڵێت "بڕیاریش وایە لە دوای تەواوبوون و دانانی سیستەمەكە بە تەواوی لەو دوو شوێنەی پارێزگای دهۆك، لە شوێنی دیكە هەمان سیستەمی پریپەید جێبەجێ بكرێت".

وەزارەتی كارەبا جێبەجێكردنی سیستەمی پریپەیدی لە سەنتەری بازاڕی دهۆك ڕوونكردووەتەوە و دەڵێت "سێ‌ هەزار و ١١٨ هابەشی كارەبا هەیە كە بە ڕێژە‌ی ٨٠% سیستەمەكەی تێدا جێبەجێ كراوە. ئەو بازاڕە دەتوانرێت بۆ ماوەی ٢٤ كاتژمێر كارەبای بۆ دابین بكرێت، واتە هاووڵاتی یان هاوبەش دەتوانێت كارتێك لە سەنتەرەكانی فرۆشتن كە هەر لەنێو بازاڕەكە دانراوە، بكڕێت و ئاگاداری بەكارهێنانی بڕی كارەباكەی و بڕی ماوەی بێت".

وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بەوە كردووە كە "بەهۆی گەڕانەوەی كارەبایەكی زۆر و بەفێڕۆنەچوونی، لە هەمان كاتدا بەهۆی كەمیی سووتان و بەردەوامیی كارەبا لە ڕێگەی سیستەمەكەوە، هاووڵاتیان دڵخۆشن بەم گۆڕانكارییە بنەڕەتییە، چونكە خۆیان دەبنەوە كۆنتڕۆڵكەری كارەباكەیان و لەمەودا بەپێی پێویستی خۆیان كارەبا دەكڕن و بەكاری دەهێنن و چیتر پێویستیان بە موەلیدە نابێت".

حكوومەتی هەرێم پێی وایی بوونی ئەم سیستەمە نابێتە هۆی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان، چونكە "هیچ كرێی كارەبا زیاد نەكراوە و بە هەمان نرخی ئێستایە".