نزیکەی 80 هەزار خۆپیشاندەر لە بەرلین دروشمیان دژی ئێران گوتەوە

22-10-2022 10:01

پەرەگراف

ژمارەیەکی زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا بەشداربوون لە خۆپیشاندانی ئەمڕۆ لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە وتەی پۆلیس خۆپیشاندەران بە نزیکەی ٨٠ ھەزار کەس مەزەندە دەکرێن.

خۆپیشاندانەکە بۆ پشتیوانی بوو لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ناوخۆی ئێران کە شەش ھەفتەیە بەردەوامەو دوای مەرگی گوماناویی مەهسا ئەمینی لە دەستبەسەریی پۆلیسی ڕەوشتدا سەریان ھەڵداو سەرتاسەری ئەو وڵاتەی گرتەوە.

خۆپیشاندەرانی بەرلین دروشم دژی ئێران و "ژن، ژیان، ئازادی"یان دەگوتەوەو هەندێکیان ئاڵای کوردستانیان بەرزکردبووەوە.

خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئێران گەورەترین و درێژترینە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، ھێزەکانی ئێران بە تووندی ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران بوونەتەوەو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کوژرانی زیاتر لە ١٢٠ کەسیان پشتڕاست کردووەتەوە.