بافڵ تاڵەبانی: پاڵپشتی لە دەستپێشخەرییەکی ئەدھەم بارزانی دەکەین بۆ کردنەوەی بارەگایەک لە سلێمانی

23-10-2022 12:11
سەردانی ئەمڕۆی ئەدھەم بارزانی بۆلای بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان.

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی و ئەدھەم بارزانی لە سلێمانی کۆبوونەوەو سەرۆکی یەکێتی دەڵێت، پاڵپشتیی لە دەستپێشخەرییەکی ئەدھەم بارزانی دەکەن بۆ کردنەوەی بارەگایەک لەو شارە.

ئەدھەم بارزانی ئامۆزای مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی پارتی لەگەڵ بەرپرسانی حیزبەکەی بەتایبەت مەسعود بارزانی و کوڕەکانی ناکۆکیی ھەیەو بەوھۆیەوە ناگەڕێتەوە بۆ زۆنی زەرد کە ناوچەی قەڵەمڕەوی ئەوانە.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێشوازیی لە ئەدھەم بارزانی کەسایەتی و سیاسەتمەداری کورد کردو لە دیدارێکدا کە جەعفەرشێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی ھەرێم ئامادەبووە، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سیاسی، دوایین هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت و یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان کراوە لەپێناو پارێزگاریکردن لە مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکانی گەلی کورد.

"لە دیدارەکەدا شێخ ئەدھەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی نیگەرانیی خۆی بۆ شەهیدبوونی نەقیب زوبێر و برینداربوونی فەرماندە ئاکام عومەر و ژمارەیەک هاوسەنگەری دەربڕی و ئامانجی سەردانەکەشی بۆ سلێمانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، دەمەوێت لە سلێمانی بارەگایەک بکەمەوە و درێژە بە کاروبارەکانم بدەم" پەیجی بافڵ تاڵەبانی لە فەیسبوک وادەڵێت.

دەشڵێت "لە درێژەی دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی شێخ ئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی کرد و رایگەیاند، پاڵپشتی ئەم هەنگاوە نوێیەتان دەکەین و سلێمانی شاری هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەکانە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بزوێنەری ئەو رەوتە رۆشنبیری و دیموکراسییەی سلێمانییە و هیچ کەسێک لەم شارە میوان نییە، بەڵکو ماڵی هەموو کوردێکە. بە درێژایی مێژوو سلێمانی لانکەی بیری سیاسیی جیاواز بووە و تاکڕەوی رەتکردووەتەوە، ئەمەش باوەڕی سەرۆک مام جەلال بووە و ئێمەش درێژەپێدەری ئەو سیاسەتە نیشتمانییە دەبین".