پەرەگراف
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم هەڵمەتێکی یەک هەفتەیی بۆ داماڵینی چەک ڕادەگەیەنێت بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت.
هێمن میرانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وت، هەڵمەتەکە لە 24 تا 30ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
میرانی دەشڵێت، هه‌موو پارێزگار و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان ئاگادار كراونه‌ته‌وه كه لیژنه‌ی ئەمنیی كۆببنه‌وه، بازگەی کاتیی لە شەقامەکان دادەنرێن و هه‌موو شوێنه گشتییه‌كان كه گومانی بوونی چه‌كیان لێ ده‌كرێت دەپشکنرێن و ده‌ست به‌سه‌ر چه‌كی بێ مۆڵه‌تدا ده‌گیرێت.
کۆتایی مانگی ٦ی ئەمساڵ هەڵمەتی داخستنی بازاڕی چەکفرۆشان و دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت لە سەرتاسەری کوردستان دەستی پێ‌کرد، ئەوەش دوای هەڵکشانی ڕووداوەکانی تەقەکردن و کوشتن بە چەک.
مانگێک دواتریش وەزارەتی ناوخۆ ڕێنماییەكی بۆ "داماڵینی چەكی جەنگی و تۆماركردنی چەكی ئاگرین" دەركرد. بەپێی ڕێنماییەكە سەرجەم ئەو چەك و تەقەمەنییانەی كە لە دەرەوەی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكانی هەرێمی كوردستان هەن، لە هاووڵاتیان وەردەگیرێنەوە. چەكی كڵاشینكۆف و دەمانچەش لە چوارچێوەی چەكی ئاگریندا پۆلێن كراون و بە مەرج ڕێگە دەدرێت لە دەستی خەڵكدا بن.