شاسوار عەبدولواحید لە دادگای فیدراڵی داوای یاسایی لەسەر نێچیرڤان بارزانی و ڕێواز فایەق تۆمار کرد

23-10-2022 06:38

پەرەگراف

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق داوای یاسایی لەسەر سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەرەگرافی وت، داوایاساییەکەی شاسوار عەبدولواحید تایبەتە بە درێژکردنەوەی وادەی پەرلەمانی کوردستان و تێیدا هاتووە، پەرلەمان و تەواوی ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراون و مافی هیچ کەس و لایەنێکی تر نیەی جگە لە خودی خەڵک، ئەو ماوەی دەسەڵاتە درێژ بکاتەوە.

پێشتریش فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی داوای یاسایی لەسەر سەرۆکایەتییەکانی هەرێم تۆمار کرد.

٩ی ئەم مانگە بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان و پێکهاتەکان درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک پەسەند کرا.

نەوەی نوێ لە کۆبوونەوەی درێژکردنەوی پەرلەماندا ناڕەزایی پیشاندا بە تەپڵ و فیکە لێدان و دژی درێژکردنەوەکە وەستایەوە، فراکسیۆنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد.

لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کۆک بوون لەسەر ئەو داوایەی کە پەرلەمان کارەکانی هەڵپەسێرێت و حکومەت ببێتە کاربەڕێکەر تاوەکو بە زووترین کات هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام پارتی و یەکێتی و گۆڕان گوێیان بەو داوایە نەداو ئەو پێشنیازە تەنها سێ دەنگی بەدەستهێنا کە دەنگی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بوو.

لە 30 ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە.

ئێستا پەرلەمان لە خولی پێنجەمی تەمەنیدایەو ئەگەر هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیاندا بکرانایە دەبوو لە هەشتەمین خولیدا بوایە، پەرلەمان نزیکەی نیوەی تەمەنی بە درێژکردنەوەی بەسەر بردووە.