تووشبوویەكی دیكەی كۆرۆنا لە سلێمانی گیانی لەدەستدا

04-04-2020 08:49


پەرەگراف

د.سەباح نەسرەدین، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند "بەداخەوە ئەمڕۆ هاوڵاتیەكی تر لەشاری سلێمانی كە تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو كۆچی دوایكرد".

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی دەشڵێت، دوای ئەوەی نەخۆشەكە كۆچی دوایی كردووە، نموونەیان لێوەرگرتووە و دەركەوتووە هەڵگری ڤایرۆسەكەیە.

"زۆربەی زۆری نەخۆشەكانی كۆرۆنا لە سلێمانی تەندروستییان زۆر باشە، تەنیا یەك كەس نەبێت كە لەژێر چاودێری وردی پزیشكیدایە" د.سەباح وادەڵێت.

ئەوە سێیەم حاڵەتە كەسانی تووشبوو بەو ڤایرۆسە لە هەرێمی كوردستان گیان لەدەست بدەن، دووانیان لە سلێمانی و ئەوەی دیکە لە قەزای چەمچەماڵ بووە.

2 حاڵەتەكەی پێشووتر؛ یەكەمیان مامۆستایەكی ئاینیی بوو كە نەخۆشیی درێژخایەنی هەبوو، دووەمیش نەخۆشیی شێرپەنجەی هەبوو، هەردووكیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، هەرچەندە تووشبووی ڤایرۆسەكە بوون، بەڵام بەهۆی كۆرۆناوە نەمردوون.

ئێستا كۆی گشتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێم گەیشتووەتە 214 كەس، لە ناویاندا 74 تووشبوو چاكبوونەتەوە.

هۆشداریی نوێ

"مەترسی ئەوەمان هەیە خەڵكێكی زیاتر لەناو كۆمەڵگەدا تووشبووبن. مەترسییەكە لەوە گەورەترە كە ئێوە پێشبینی دەكەن" ئەمە وتەی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم كوردستانە لە نوێترین لێدوانیدا.

وەزیری ناوخۆ دەشڵێت، مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئاستێكی بەرزدایەو هەندێك لە خەڵكی هەرێم تێی نەگەیشتوون، ڤایرۆسەكەش هەمان ڤایرۆسی وڵاتانی دیكەیەو ڕێكارەكانی كە لە هەرێم گیراونەتەبەر جیاوازن‌و وایان كردووە ڕێژەی تووشبوون كەم بێت.

ڕێبەر ئەحمەد ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ئەوەی خستە ڕوو، بڕیاری قەدەغەی تەواوەتیی هاتووچۆ بۆماوەی 48 كاتژمێر، پێویست بووە بۆئەوەی بزانن ئەوان لە كوێدان‌و پێویستە چی بكەن‌و لە دوای ئەو 48 كاتژمێرە ئاسانكارییەكان چۆن بن.

ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی بەكارهێنانی پێناسەی جۆراوجۆر، هەندێك كەس خۆیان لە بازگەكان دەربازكردووە. ئەمەش وایكردووە، ڕێگە پێدانێكی زۆر كراوە و لە هەندێك شوێن جەنجاڵی دروست بووە.

"هەندێك كەس باس لەوە دەكەن، ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان جیاوازە، لە ڕاستیدا، ڤایرۆسەكە جیاواز نییە، بەڵكو حكومەتی هەرێم، زوو ستراتیژیەتی خۆی بۆ ڕێگریكردن لە ڤایرۆسەكە خستەڕوو و ڕێكارەكان زوو دەستپێكران" وەزیری ناوخۆ وای وت.

داوای لە پارێزگاو ئیدارەكان كرد بە زوویی پێشنیارەكانیان بۆ ئەوان ڕەوانە بكەن، "بەڵام بیر لەوە بكەنەوە زۆربەی شتەكان بە دیلیڤەری‌و گەیاندن بێت‌و بەركەوتن نەبێت".

هەرلەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا وەزیری تەندروستی هەرێم ئاماژەی بەوە كرد، بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ پێشنیاری ئەوانەو ئەو ڕێكارانەی لە هەرێم گیراونەتەبەر هەزاران كەسیان پاراستووە لە تووشبوون بە كۆرۆنا.

د.سامان بەرزنجی ئەوەشی خستە ڕوو، لە بارێكی كۆنتڕۆڵكراوی تەواودا نین‌و كۆبوونەوەو بەكەوتنی ئێستا ڕەنگە لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەربكەوێت، "نەخۆشییەكە زۆر مەترسیدارەو ونە. تكا دەكەین هاووڵاتییان نەیەنە دەرەوەو نەیەنە بەر دەرگاكانیان. ڕێكارەكانی گرنگن بۆ دۆزینەوەی حاڵەتە ونەكانی ڤایرۆسەكە".