گەڕێکی نوێی ململانێی پارتی و یەکێتی لە بەغداد لەسەر پۆست دەستپێدەکات

24-10-2022 05:48

پەرەگراف

پارتی و یەکێتی گەڕێکی نوێی ململانێ لەسەر پۆستەکانی بەغداد دەستپێدەکەن، پارتی داوای نزیکەی هەموو ئەو وەزارەت و پۆستانە دەکات کە پشکی کوردن لە حکومەتی نوێی عێراق، ئەوەش دوای ئەوەی کاندیدەکەی بۆ سەرۆککۆمار کشاندەوە لەبەرژەوەندیی یەکێتی.

ململانێی ئەو دوو حیزبە لە کاتێکدایە حیزبە کوردییەکانی دیکە کە لە بەغداد فراکسیۆنی پەرلەمانییان هەیە، جگە لە نەوەی نوێ کە ٩ پەرلەمانتاری هەیەو وەرگرتنی پۆست و بەشداریی لە حکومەت ڕەتکردووەتەوە، هێشتا یەکگرتووی ئیسلامی کە ٤ پەرلەمانتارو کۆمەڵ کە یەک پەرلەمانتاری هەیە هەڵوێستی خۆیان ڕانەگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی بە پەرەگرافی وت "پارتی لە بەرامبەر ئەوەی سەرۆککۆمار بۆ یەکێتی بووە داوای نزیکەی سەرجەم وەزارەت و پۆستەکانی پشکی کورد بۆخۆی دەکات، ئامادەیە یەک وەزارەت بدرێت بە یەکێتی بەڵام دەیەوێت ئەو کەسەی لە پشکی یەکێتی دەکرێتە وەزیر ڕەزامەندیی پارتی لەسەربێت".

"یەکێتی ئەوە ڕەتدەکاتەوە، داوای دوو وەزارەت دەکەین لەبەرئەوەی پارتی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ئەمینداری گشتی پەرلەمانی بۆخۆی بردووە، هەروەها خۆیشمان وەزیرەکان دەستنیشان دەکەین و کەسی بەهێز دەنێرینە ئەنجومەنی وەزیران و لە دەستەو فەرمانگەکانی دیکەش داوای پۆستەکانی خۆمان دەکەین و نامانەوێت هیچ پشکێکی کورد و یەکێتی بە پڕنەکراوەیی بمێنێتەوە" بەرپرسە باڵاکەی یەکێتی وای وت.

بڕیارە پشکی کورد لە کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی کە ئێستا سەرقاڵی پێکهێنانیەتی چوار وەزارەت بێت، بەدەر لە کێشەی لایەنە کوردییەکان، شیعەو سوننەکانیش کێشەی ناوخۆییان هەیە لەسەر پۆستەکان و چاوەڕوان دەکرێت تاکۆتایی هەفتەی داهاتوو سوودانی کابینەکەی بباتە پەرلەمان بۆ متمانەپێدان.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ میدیای فەرمی حیزبەکەی دەڵێت "دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان لەکابینەی نوێی حکومەتی عێراق بەپێی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن و خاڵبەندی دەبێت و لەپۆستە وەزاریەکان کە بەرکوردیش دەکەون زۆرینەی پۆستە وەزاریەکان بۆ پارتی دەبێت".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، ئاماژە بەوەش دەکات، هێشتا کات دیاری نەکراوە بۆ کۆبوونەوەی متمانەدان بە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و پێویستە پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان بە ٧٢ کاتژمێر، کارنامە و زانیاری و ناوی کاندیدی وەزارەتەکان ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت و بگاتە دەست پەرلەمانتاران، بەڵام تائێستا بەدەستیان نەگەیشتووە.