بەرزترین ژمارەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە یەك ڕۆژدا لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمار كرا

24-10-2022 11:42

پەرەگراف

بۆ دووەم جار لە ماوەی یەك هەفتەدا، بەرزترین ژمارەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە یەك ڕۆژدا لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمار كرا کە ٤١ حاڵەتە.

بەپێی ئامارەكانی نەخۆشانەكە، ڕۆژی یەكشەممە ٢٣-١٠-٢٠٢٢، ٩٥٠ نەخۆش سەردانیان كردووە، لەو ژمارەیە ٤١ حاڵەتی نوێی شێرپەنجە تۆمار كراوە، ١١٠ نەخۆشیش لە بەشی فریاكەوتنی خێرا داخڵ كراون.

هەر لەو ڕۆژەدا ٤٣٠٠ پشكنین بۆ نەخۆش ئەنجام دراوە، ١٣٨ نەخۆش چارەسەری كیمیاییان وەرگرتووە، ١٩٢ نەخۆش پشكنینی تیشكی و ئیكۆ و سۆناریان بۆ كراوە، هەروەها ٢٦٠ نەخۆش لە قاوشە جۆراو جۆرەكانی نەخۆشخانە داخڵ كراون.

ئەمە لە كاتێكدایە كە ڕۆژی یەكشەممەی پێشوو ١٦-١٠-٢٠٢٢، ١٠٢٩ نەخۆش سەردانی هیوایان كردووە و ٤٠ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە شێرپەنجە تۆمار كراوە.

هەڵكشانی ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە كاتێكدایە پێشتر نەخۆشخانەی هیوا ڕایگەیاندووە كە بەشێوەیەكی گشتی ڕۆژانە ١٥ حاڵەتی نوێی نەخۆشییەكە تۆمار دەكرێت.