خۆرگیران لە کوردستان و عێراق ڕوودەدات؛ سەیری خۆر مەکەن

25-10-2022 03:05

پەرەگراف

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دیاردەی خۆرگیرانی نیمچەیی لە هەرێمی کوردستان و عێراق ڕوودەدات و پسپۆڕان هۆشداریی دەدەن کە نابێت ڕاستەوخۆ سەیری خۆرگیرانەکە بکرێت.

خۆرگیران کاتێک ڕوودەدات کە مانگ دەکەوێتە نێوان خۆر و زەویی، سەرەتای خۆرگیرانەکەی ئەمڕۆ لە پارێزگای دهۆکەوە دەبێت، بەوپێیەی سەرەتا لەو پارێزگایە مانگ دەکەوێتە نێوان خۆر و زەویی.

لوقمان حەوێز، ئەندامی کۆمەڵەی گەردوونناسانی تەکساسی ئەمریکا لەنووسینێکدا لەبارەی خۆرگیرانەکەوە دەڵێت، ئەمڕۆ خۆرگیرانێکی نیمچەیی لە هەرێمی کوردستان روودەدات بە رێژەی نزیکەی 40%، خۆرگیرانەکە کاتژمێر 1:06ی دوای نیوەڕۆ بەکاتی کوردستان دەستپێدەکات و کاتژمێر 2:23 ی پاش نیوەڕۆ دەگاتە ئەو پەڕی.

ئەو ئەندامەی ئەندامی کۆمەڵەی گەردوونناسانی تەکساسی لەبارەی بینینی دیاردەکەوە دەڵێت "لەبەرئەوەی خۆرگیرانەکە تەواو و پڕنابێت، بۆیە ئەگەر لەڕێگەی چاویلکەی تایبەتییەوە نەبێت نابینرێت و هەستی پێناکرێت".

لوقمان حەوێز، سەبارەت بە مەترسییەکانی خۆرگیرانەکە، دەڵێت "خۆرگیران دیاردەیەکی تەواو سرووشتییە و هیچ ترس و دڵەڕاوکێیەکی ناوێت، بەردەوام روویداوە و روودەدات، ئەوکاتە روودەدات کە مانگ دەکەوێتە نێوان خۆر و هەسارەی زەوی و سێبەرەکەی بەر چەند ناوچەیەکی سەر هەسارەی زەوی دەکەوێت بۆیە لەو ناوچانە خۆرگیران بۆ دیدی مرۆڤ روودەدات، هەرگیز هەوڵی تەماشاکردنی خۆر مەدەن بەچاوی ئاسایی بۆ بینینی دیاردەی خۆرگیران، ئەمە لەوانەیە ببێتە هۆی کوێربوونی بەردەوام".

بەهۆی خۆرگیرانەکەوە لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق خوێندن کرا بە پشوو، لە هەرێمی کوردستانیش خوێندنی پاشنیوەڕوان کرا بە پشوو.

خۆرگیرانەکەی ئەمڕۆ لە زۆرینەی ئەوروپا و ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژئاوای ئاسیا ڕوودەدات و دەبینرێت.

هاوکات  د.عەبدوڵا کامل، سەرۆکی بەشی فەلەک و زانستەکانی گەردوون لە زانکۆی بەغدا لەبارەی خۆرگیرانەکەی ئەمڕۆ دەڵێت "نابێت راستەخۆ سەیری خۆر بکرێت و ئەو زیانەی لە ئەنجامی تەماشاکردنی خۆر لەو کاتانە دروستدەبێت یەکسەر نییە، بەڵام دواتر شوێنەوارەکەی دەردەکەوێت و دەبێتە هۆی لەناوچوونی خانەکانی بینین و بە نەشتەرگەری و دەرمانیش چارەسەر ناکرێت".